زووم..
لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و تاوتوێی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ کرد و راگیەنراوێکى لەو بارەوە بڵاوکردەوە.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ شەممە کۆبووەوە و راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا چارەسەرێک بۆ کێشەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەک هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم خرایەڕوو.
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راشیگەیاندووە، لیژنەکە گفتوگۆی لەسەر میکانیزمەکانی رێکخستنی پەیوەندی یاسایی نێوان هەولێر و بەغداد کرد، لەگەڵ هاریکاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان کە لە هەرێمدا کاردەکەن.
لیژنەى دارایی جەخت لەسەر پابەندى حکومەتی هەرێم بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای “سۆمۆ” دەکاتەوە و داوا لە حکومەتى عێراق دەکات، پەلە بکات لە ناردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2025 بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی سەرجەم بابەتەکانی ژمێریاری پەیوەست بە هەموارکردنەوەکان تەواو بکرێت.