زووم..
هێرش و پەلاماری تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆسەر رۆژاڤا بەردەوامە، ئاژانسی هاوار نیوز دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگیی تورکیا ژمارەیەک گوندی دەوروبەری کۆبانێی بۆردومان کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هاوار نیوز، بۆردومانەکە گوندەکانی تینە و جەعدە و شوێنکارێکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی لە شاری سیرینی باشووری کۆبانێ کردووەتە ئامانج، هەروەها لە گوندی جەعدە قوتابخانەیەک کراوەتە ئامانج و بەتەواوی وێرانبووە.
تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆردومانی چەند گوندێکی دیکەشیان لە هەمان ناوچە کردووە، هیچ لەبارەی زیانە گیانییەکان نەخراونەتەڕوو.
بۆردومانەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکان بۆسەر ناوچەکانی کۆبانێ هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری.
هەسەدە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ تورکیا چەند جارێک بە درۆن هێرشیکردووەتە سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری بەنداوەکە، هاوار نیوزیش دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکاندا، چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.