زووم..
ریم بۆگامارا، رۆژنامەنووسى کەناڵى عەرەبییە، دەڵێت، مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ناچێتە مەراسیمى دەستبەکاربوونى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى نوێى ئەمریکا لە واشنتن.
ریم لەدواى چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ مەزڵوم عەبدى، پۆستێکى لە ئەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ عەبدى کردووە، لێم پرسیوە دەچێتە ئەمریکا بۆ مەراسیمى دەستبەکاربوونى ترەمپ، لە وەڵامدا دەڵێت، عەبدى گوتوویەتى، ناچێتە مەراسیمی دەستبەکاربوونی ترەمپ.
لەبارەى هۆکارەکەى بە قسەى ریم، عەبدى گوتوویەتى، هۆکارەکەى ئەمنى نییە، بەڵکۆ لەبەر ئەوە بووە، پاسپۆرتی نییە بەناوی مەزڵوم عەبدی.
بڕیارە رۆژى ٢٠ـى ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکى نوێى ئەمریکا دەستبەکاربێت، کە پێشتر بانگهێشت نامە بۆ عەبدى هاتبوو، بەشدارى لەو مەراسیمە بکات.
ئەو رۆژنامەنووسەى کەناڵى عەرەبییە هەر لە پۆستەکەیدا، باسى لەوە کردووە، کە لە چاوپێکەوتنەکەى لەگەڵ عەبدى باسى زۆر دۆسییەیان کردووە، کە یەکەمجارە قسەیان لەسەر دەکرێت.