زووم..
نەعیم قاسم، ئەمینداری حزبوڵای لوبنان هەڵوێستى خۆى لەسەر ئاگربەستى غەزە راگەیاند و دەڵێت، چەکدارانى موقاوەمە و گەلی فەلەستین “پلانێکى گەورە”ی ئیسرائیلیان پووچەڵکردەوە.
نەعیم قاسم لە راگەیەنراوێک ئەمڕۆ شەممە راشیگەیاند، با ئیسرائیل دانبەخۆداگرتنی حزبوڵا لە پێشێلکردنی ئاگربەست تاقینەکاتەوە، ئەوەش وەک هۆشدارییەک بۆ ئەگەرى شکاندنى ئاگربەست لە غەزە، کە بڕیارە رۆژى یەکشەممە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئەمیندارى حزبوڵا راشیگەیاندووە، بە سەربەرزییەوە لە جەنگی دژبە ئیسرائیل هاتینەدەرەوە و سڵاو و شانازیى بۆ بەرەی موقاوەمەى ئیسلامی لە فەلەستین و عێراق و یەمەن دەنێرین.
نەعیم قاسم جەختیشیکردووەتەوە، کە حزبوڵای لوبنان پاڵپشتی و هاوکاریی فەلەستینی کرد و نەیهێشت ئیسرائیل بە ئامانجەکانی خۆی بگات.
رۆژى چوارشەممەى رابردوو، ئاگربەستى غەزە و ئاڵوگۆڕى بارمتەکان راگەیەنرا، کە رۆژى هەینى حکومەتى ئەمنیی ئیسرائیل ئاگربەستەکەى پەیەند کرد.