رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
رێککەوتنى گشتگیری نێوان روسیا و ئێران
هەردوو سەرۆکانى روسیا و ئێران رایانگەیاند، وڵاتەکانیان چوونەتە نێو قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانى نێوانیان، ئەویش بە واژۆکردنی رێککەوتنێکی نێوانیان، کە ماوەکەى 20 ساڵە، رێککەوتنەکەش ستراتیژیی و گشتگیرە و بوارەکانى بەرگریی و ئاسایش و ئابووریی دەگرێتەوە.
دوای دوو گەڕی دوور و درێژ لە گفتوگۆ، مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا، لە کۆشکی کرملین لە مۆسکۆ، لە رێورەسمێکدا رێککەوتنەکەیان واژۆکرد.
ڤلادیمێر پوتین گوتى، هەردوو وڵات لە روانەگەیەکى هاوبەشەوە دەڕوانن و ساردنابنەوە لە پەویوەندییەکانیان تاکو بەدەستهێنانى ئامانجەکانیان.
دەشڵێت، روسیا هاوکاریی ئێران دەکات بۆ پەرەپێدانى پرۆژە ئەتۆمییەکەى لە بەدەستهێنانى وزەى ئاشتیانە و بێ مەترسیی، لەمەشدا دوو یەکەى نوێی ئىتۆمی لە بنکەى ئەتۆمیی بوشەهەر لە ئێران دادەمەزرێنێت.
قودسی عەرەبی
گۆتێرێس داوا لە ئیسرائیل دەکات پیشێلکاریی رابگرێت و ماکرۆنیش گەلەکۆمەکێ بۆ ئاوادەنکردنەوەى غەزە ئەنجامدەدات
سەردانى هەر یەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداریی گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لوبنان، قەبارەى گرنگی نێودەوڵەتیی بۆ لوبنان خستە پێشچاو، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی جۆزێف عەون لە پەرلەمانی لوبنان وەک سەرۆکى نوێی وڵاتەکە و راسپاردنى نەواف سەلام، دادوەری دادگای دادى نێودەوڵەتى بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى تەکنۆکرات.
لە سەردانەکەى ماکرۆندا بەڵێنى بە لوبنانییەکاندا لە پاریس کۆنگرەیەک بۆ پشتیوانی و ئاوەدانکردنەوەى لوبنان ئەنجامبدات و ئەمینداری نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوای راگرتى پێشێلکاریی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست و ماەوەى هێزەکانى یونێڤێڵی کرد لە لوبنان.
عەرەبی جەدید
ئیسرائیل لەشکرکێشی لە سوریا دەکات
لە کەوتنى رژێمەکەى ئەسەدەوە لە بەرەبەیانى 8ـی کانوونى یەکەمی ساڵی رابردوو، ئیسرائیل بەردەوامە و ساردنەبووەتەوە لە لەشکرکێشیی بۆ نێو قوڵایی خاکى سوریا.
سوپای ئیسرائیل بەدرێژایی ناوچە سنوورییەکانى بە سوریاوە، پە پاساوى ئەوەى مەترسیی لەو ناوچانە و لە وڵاتەکەى دووربخاتەوە، سەرقاڵی ئۆپراسیۆن و گەڕان و پشکنینە.
لە پارێزگای درعا لە باشووری سوریا و لە ناوچە سنوورییەکان و گوندەوارەکانی پارێزگای قونەیتەڕە، چەندین خاڵی ئەمنی و سەربازیی و بازگەى پشکنینی داناوە و بەرزاییەکانى لە هەردوو پارێزگاکە، بەدرێژایی سنورەکانى کۆنترۆڵکردووە.

عەرەب
بانگەوازەکەى سێنتکۆم بۆ گەڕاندنەوەی چەکدارانی داعش بۆ وڵاتەکانیان رۆژاڤای نیگەران کردووە
مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ناسراو بە سێنتکۆم، لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جەختی لەسەر پێویستی گەڕانەوەی ئەو چەکدارە بیانیانە کردەوە کە لە ریزەکانى داعشدا شەڕیان کردووە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
هەسەدە کە پشتیوانیی وڵاتانى رۆژئاوایان هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی چەکدارە بیانییەکان و ئەو کەمپانەی کە خێزان و ماڵ و منداڵەکانى داعش و جیهادییەکانیان تێدایە. بەڵام ئەو وڵاتانەی ئەو چەکدارانەى لێوەهاتوون رەتیدەکەنەوە بیانگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان و دادگاییکردن یان بخرێنە چاکسازییەکانەوە.
داواکاری ئەمریکییەکان بۆ دەرکردنی چەکدارە بیانییەکان لە رۆژهەڵاتی سوریا، خزمەت بە ئەنقەرە دەکات کە دەیەوێت ئەم کارتە لە دەست هێزەکانی سوریای دیموکرات بکشێنێتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
ئێران رۆژانە زیاتر لە چوار هەزار ئۆتۆمبێل بەرهەم دەهێنێت
بەرهەمی رۆژانەی دوو گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلی ئێران ٤چوار هەزار ئۆتۆمبێلی لە رۆژێکدا تێپەڕاندووە، سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە بەهۆی پچڕانی کارەبا و غاز و هەڵاوسانی دراو دروست بووە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی گەشەپێدان و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازیی ئێران، گەشەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە مانگی رابردوودا %70ـی بووە و بە هۆی ڕێوشوێنی قەرەبووکردنەوە، بەرهەمهێنان گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش پچڕانی کارەبا.

کەیهان
پێنج هەزار سیستەمی پانێلی خۆر بۆ هەژاران دادەنرێت
بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەرەپێدانی سیستەمی بچووک لە رێکخراوی وزەی نوێبووەوە رایگەیاند، کە نزیکەی پێنج هەزار سیستەمی پانێلی خۆریان بۆ هەژاران و بنەماڵەکانی خاوەن پێداویستی دامەزراندووە.
بە گوێرەی راپۆرتی ئیرنا، پلانی دروستکردنی 550 هەزار سیستەمی پانێلی خۆری پێنج کیلۆوات لە ماوەی پێنج ساڵدا بە ئامانجی بەهێزکردنی ماڵە بێبەشەکان دەستی پێکردووە.
کڕیارەکان لە رێگەی دامەزراوە خێرخوازییەکانەوە بە کۆمپانیاکانی دابەشکردن ئاشنا دەکرێن و دوای پشکنینی توانای شوێنەکەیان، سیستەمی پانێلی خۆریان بۆ دادەنرێت.
ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزەکە حەوت ساڵە و ئەم پلانە هەنگاوێکی کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی بێبەشبوونی خەڵک و بەرزکردنەوەی کارایی وزە.

ئارمانی ئیمروز
حکومەتی سوریا هاوردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی قەدەغە کرد
حکوومەتی نوێی سووریا، فەرمانێکی بڵاوکردەوە و تێیدا کاڵای بەرهەم هێنراو لە ئێران، ئیسرائیل و روسیا بۆ ناو ئەو وڵاتە قەدەغە دەکات.
ئەم بڕیارە سنووردارکردنی هاتنە ناوەوەی هاوڵاتیانی ئێرانی و ئیسرائیلیش بۆ ناو سوریاش دەگرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ ئێران زۆر بەرفراوان بووە و بەڵام ئێستا تورکیا کاریگەریی لەسەر پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان لەو وڵاتە هەیە و جێگای ئێرانی گرتۆتەوە.

ئەبراری ئیقتسادی
ئەمریکا رێگە بە ئێران نادات تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بەکاربهێنێت
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردۆتەوە، ئەو وڵاتە بڕیاریداوە رێگە بە ئێران نەدات کە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد بەکاربهێنێت.
لە کاتێکدا کە ژیریی دەستکرد لە ساڵی 2024دا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بۆتە ئامرازێکی گرنگ بۆ وڵاتانی جیهان، ئەمریکا نیگەرانە لە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆجیایە لەلایەن ئێرانەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی گەجێت نیوز، ئەمریکا هەناردەکردنی تەکنۆلۆژیای پەیوەست بە ژیریی دەستکرد وەک چیپی نوێ بۆ ئێران قەدەغە دەکات.
هۆکاری ئەم کارە نیگەرانییەکانە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی چەک و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.
لە هەمان کاتدا ئەمریکا رێگە بە هاوبەش و هاوپەیمانەکانی دەدات دەستیان بەو تەکنەلۆژیایانە بگات.
رۆژنامە تورکییەکان

سەباح
کحولی ساختە بووتە کۆمەڵکوژیی
تادێت ژمارەى ئەو کەسانەى لە ئیستەنبوڵ بەهۆی کحولی ساختەوە گیان لەدەستدەدەن زیاتر دەبێت.
تەنها لە ماوەى چوار رۆژدا 88 کەس لە نەخۆشخانەکانی ئیستەنبوڵ خەوێنراون کە بەهۆی کحولی ساختەوە ژەهر خوارد بوون. لەو ژمارەیە 38 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەشیان لە نەخۆشخانە رەوانەى ماڵەوە کراونەتەوە.
هێزە ئەمنییەکانی ئیستەنبوڵ هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەى لە پشت بازرگانی کردن بە کحولی ساختەوەن کە تا ئێستا نۆ کەس دەستگیرکراون هاوکات گەڕان بە دوای کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنى کحولی ساختە بەردەواممە.

تورکیا
هاکان فیدان سەردانی باکۆ دەکات
وابڕیارە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ سەردانی باکۆی پایتەختی ئازربەیجان بکات. بەگوێرەى زانیارییەکان فیدان لەگەڵ بەرپرسانی باکۆ لەسەر چوار دۆسیەى گرنگ گفتوگۆ دەکات ئەوانیش دۆسیەى روسیا و ئۆکرانیا. دۆسیەى سوریا. دۆسیەى ئاشتەوایی ئەرمەنستان و هەروەها دۆسیەى ئاڵوگۆڕی وزە تاوتوێ دەکات.
یەنی شەفەق
ئامارەکانی سەرژمێری دانیشتوان لە تورکیا وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە
ئامارەکان سەبارەت بە سەرژمێری تورکیا وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە. بەگوێرەى ئامارەکانی 2024، لە کۆی 85 ملیۆن کەس لە تورکیا و باکووری کورستان، 22 ملیۆن و 206 هەزاری مناڵن واتە تەنها لە چوار کەس یەکیان منداڵن.
بە گوێرەى راپۆرتێکی وەزارەتی خێزان و کاری کۆمەڵایەتی تاکوو ساڵی 2080 لە پێنج کەس تەنها یەکیان تەمەنی خوار 18 ساڵان دەبێت و نزیکەى نیوەى دانیشتوانی تورکیاش تەمەنیان سەروو 65 ساڵان دەبێت.

ئەکشام
یەک ملیۆن ژن رزگار کراون
ساڵی پار ژمارەى ئەو ژنانەى کە لە رێگەى پەیوەندیی کردنیان بە پۆلیسەوە لە دۆخێکی خراپدا رزگار کراون نزیک بووە لە یەک ملیۆن ژن.
ساڵی پار یەک ملیۆن و 480 هەزار جار لەلایەن ژنانەوە تەلەفۆن بۆ پۆلیس کراوە و لەوانەش 920 هەزاریان لە رووداوی نەخوازراو و توندوتیژیی رزگارکراون.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
لەپاش ئیمزاکردنی ئاگربەستەکەوە دەبێت بارمتەکان ئازادبکرێن
شەوی رابوردوو ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیلی رێکەوتنی ئاگربەستەکەی ئیمزاکرد و تێیپەڕاند. ئەمەش مانای وایە دەبێت سبەینێ یەکەمین دەستەی بارمتەکان ئازادبکرێن. گەیشتن بەم ئاگربەستە لەپاش لێدوانێکی توندی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی ئەمریکاوە هات، کە بە روونی گوتی، باشتروایە پێش ئەوەی من سوێندی یاسایی بخۆم و بگەم بە کۆشکی سپی ئاگربەست رابگەندرێت.
لەپاش ئەویش بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، حکومەتەکەیان هەموو پێداویستییە ئەمنی و مرۆییەکانی دباینکردووە بۆئەوەی بتوانن بگەن بە ئاگربەستێک.

دەیلی مەیل
لەپاش 80 ساڵ دەفتەری یاداشتەکانی دۆستە ئینگلیزەکەی هیتلەر دۆزرایەوە
ژمارەی ئەمڕۆی ئەم رۆژنامەیە دەڵێت، ئەو دەفتەری یاداشتانەی دۆزیوەتەوە، کە چەندان ساڵە وونبووبوو.
رۆژنامەکە ئەم دۆزینەوەیەی بە روودانی کودەتایەک لەناو جیهانی پەخشکردن و بڵاوکردنەوەدا ناوبردووە و دەڵێت نوسراوەکان لەناو بەرگێکی ئەرستۆکراتییانەی دەوڵەمەندانەدایە، کۆمەڵێک بیرەوەریی تێدایە، کە تازە دەکەونە پێشچاو. ئەم بیرەوەرییانە لەبارەی شەڕەنگێزترین مرۆڤی ناو مێژووەوەن، بەڵام ژنێک هەبووە خۆشیویستووە. یەکێک لە دەستە خوشکەکانی یونایتی میتفۆرد(دۆستەکەی هیتلەر) دەڵێت دڕندەیەکی نازی لەناو ئەم یادەوەرییانەد ا بە خۆشەویست ناوی هاتووە.

عەرەب نیوز
بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەزە 80 ملیار دۆلار و 40 ساڵ کارکردنی دەوێت
ئاژانسە فریاگوزارییەکان دەڵێن، لەپاش 15 مانگی شەڕی بەردەوامی سوپای ئیسرائیلەوە، بونیادنانەوەی خانوەکان و ژێرخانی ئابوریی ئەو کەرتە، ماوەی 40 ساڵی دیی کە کارکردن و تێچووی زیاتر لە 80 ملیار دۆلاری پێویستە. چونکە ئەو شەڕە بەردەوامەی کە دەستی لە هیچ وێرانکارییەک نەپاراستووە ژێڕخانی بیناسازیی ناو کەرتەکەی کردووە بە کەلاوە و خۆڵەمێش، زۆربەی رێگا و شەقامە سەرەکییەکان هەڵگێڕدراونەتەوە.

یو ئێس ئەی تودەی
ماڵئاواییەکەی بایدن گەرم بوو؛ هۆشدارییەکیشی تێدابوو
شەوی چوارشەممە سەرۆک جۆ بایدن گوتاری ماڵئاواییکردنی خۆیی لە دەستەڵات پێشکەش بە خەڵکی ئەمریکا کرد.
لە گوتارەکەیدا گوتی، خزمەتکردنی وەک سەرۆکی ئەمریکا گەورەترەین شەرەف بووە لە تەمەنی خۆیدا.
بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی کە لە ئاسۆدا مەترسی هەیە هەڕەشە بۆسەر دیموکراسی دروست ببێت. بایدن کە لە نوسینگەی ئۆڤاڵەوە گوتارەکەیی پێشکەش کرد، تێیدا گوتی ئەو ئەمریکایەی ئێمە لە خەونەکانی ئێمەدا هەبوو، زۆر نزیک بوو لەوەی بێتەدی. بۆیە هێنانەدیی خەونەکانمان ئەرکی خۆمانە و هیی کەسی تر نییە.