زووم..
مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین رایگەیاند، کەرتی غەزە موڵک و خاکی فەڵەستینە و ئامادەن هەموو بەرپرسیاریتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی بۆ بگەڕێننەوە.
عەباس دەڵێت، فەڵەستین وەک سەرجەم خاکە داگیرکراوەکانی کەرتی رۆژاوا و قودس، خاوەنی دەسەڵاتی یاسایی و سیاسیی کەرتی غەزەیە.
سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین دەشڵێت، سەرجەم تیمە ئیداری و ئەمنییەکانی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و هاوکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان بکەن و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ کەرتەکە دابین بکەن.
غەزە لەژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماسدایە و کەرتی رۆژئاواش دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین بەڕێوەی دەبات، هەردوولا ناکۆکییان هەیە و دژی سیاسەتەکانی یەکدین.
ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل بەفەرمی رێککەوتنی ئاگربەستی پەسەندکرد کە لە قۆناغی یەکەمدا 44 رۆژ دەخایەنێت و ئەگەر هەردوولا پابەندبن بە خاڵەکانی رێککەوتنەوە، ئاگربەست بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، حەماس لە قۆناغی یەکەمدا 33 بارمتەی ئیسرائیل لەبەرامبەر دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات.