جوڵە سیاسییەکانى چەند رۆژى رابردوو رەنگە هەنگاوەکانى پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت خێراتر بکەن.
پارتی و یەکێتی بەجیا شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لە ماوەى رابردوودا سەردانى زۆربەى ئەو لایەنانەیان کرد کە کورسییان لە پەرلەمانى کوردستان بەدەستهێناوە.
دوایین جوڵەى سیاسی بە ئاراستەى پێکهێنانى کابینەى داهاتوو سەردانى شاندى دانوستانکارى پارتى بوو بۆلاى بەرەى گەل.
بەرەی گەل لەنێو جموجوڵەکانی پارتی و یەكێتیدا شوێنێکی دیاری گرتووە
زووم دەزانێت، بەرەی گەل لەنێو جموجوڵەکانی پارتی و یەكێتیدا شوێنێکی دیاری گرتووە، هەردوولا لە ئاستی باڵا هەوڵی نزیکبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دەدەن.
یەکێتی هەوڵی کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دەدات
جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش هەوڵی کۆبوونەوە و دانوستان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی دەدات.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، یەکێتی لە ئاستی باڵادا تاوتوێی سەردان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرەی گەل کردووە، پێشنیازەکە وابووە کە سەردانی لاهور شێخ جەنگی بکرێت و پاشان هەوڵی کۆبوونەوەی دیکە و بابەتی کابینەی نوێی حکومەتی لەگەڵ تاوتوێ بکەن.
لاهور شێخ جەنگى لە هەڵبژاردنى رابردووى پەرلەمانى کوردستان بە ناوى بەرەى گەلەوە بەشدارى هەڵبژاردنەکەى کرد و توانى دوو کورسى بەدەستبهێنێت، بەڵام زووم دەزانێ پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا تاوتوێی ئەوەیان کردووە کە قەبارەی بەرەی گەل تەنها ئەو کورسییانە نییە، لە کۆبوونەوەکانیشدا لاهور شێخ جەنگی ئەوەی بەهەموو لایەنەکان گووتووە کە قورسایی بەرەی گەل لەو ژمارەیە زیاترە و رای خەڵک و شەقامی لەگەڵدایە.
پارتی و یەكێتی پەیامیان بۆ لاهور شێخ جەنگی ناردووە
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، پارتی و یەكێتی پەیامیان بۆ لاهور شێخ جەنگی ناردووە کە مامەڵەکردنیان لە گەڵ ئەوەدا بۆ دانوستانەکانی پێکهێنانى کابینەی نوێ لەسەر بنەمای ئەو دوو کورسییە پەرلەمان نابێت، بەڵکو لەسەر سەنگ و قورسایی لاهور شێخ جەنگی دەبێت لە دەرەوەی پەرلەمان.
جگە لە پرسی پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، زووم دەزانێ بەشێك لە هەوڵەکانى پارتی و یەكێتی بۆ نزیکبوونەوە لە بەرەی گەل پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی سوریا و پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەکەوە هەیە، بە تایبەت کە خودى لاهور شێخ جەنگى پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و لە سەردانەکەى ئەمدواییەدا بۆ واشنتن، داواى لە بەرپرسانى وڵاتەکە کرد هاوکاریى زیاترى کوردانى رۆژاڤا بکەن.