زووم..
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دڵنیایی دەدەن لە خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی عێراق و لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، پێویستە دڵنیا ببنەوە لە زانینی ژمارەی دروستی مووچەخۆران.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، راگرتنی پلەبەرزرکردنەوە و خزمەتی گرێبەستەکان لە عێراق، بە پشتبەستن بووە بە بڕیارێکی وەزارەتەکەیان، وەک بەشێک لە رێوشوێنەکان بۆ رێکخستنەوەی کاری ساڵانە و دیاریکردنی تەرخانکراوی دارایی بۆیان، چونکە تائێستا خشتەکانی بودجەی 2025 پەسەند نەکراون و بڕە پارەی تەرخانکراویان بۆ دیاری نەکراوە.
دەشڵێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە زامنکردنی رێکخستنەوەی خەرجیی حکومەت و دیاریکردنی مووچە بۆ وەزارەت و دەستەکان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگیی بەدواداچوون بۆ دامەزراندنە نوێیەکان و زانینی ژمارەی دروستی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی هیچ کورتهێنانێک لە خەرجکردنی مووچەکی یەکی ئەمساڵ روونەدات.
وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت، مافی فەرمانبەران لە پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەی ساڵانەیان بەتەواوی پارێزراوە و لە کاتی پێدانی مافەکەیانەوە بۆیان هەژمار دەکرێت، لە ئێستاشدا وەزارەتەکەیان بەدواداچوون بۆ تێچووی دارایی فەرمانبەران دەکات بۆ ئەوەی بەدروستی بیانگرێتەوە و دڵنیا بێت لەوەی بەگوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی ساڵی 2025 هیچ کورتێهێنانێک لە تەرخانکراوی داراییدا روونەدات.