زووم..
میدیای فەرمی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژاڤا بڵاویکردەوە، دوو تەقینەوە لە شاری قامیشلۆ لە رۆژاڤای کوردستان روویاندا و تەقینەوەی یەکەم لە بەشی سەرەوەی باڵەخانەیەکدا روویداوە و دووەمیشیان بەهۆی تەقینەوەی تانکییەکی سوتەمەنی بووە، کە لەسەربانی باڵەخانەکە بووە.
دوای تەقینەوەکان، تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ کوژاندنەوەی ئاگری تەقینەوەکان گەیشتونەتە شوێنی رووداوەکە و هێزەکانی ئاسایشی رۆژاڤاش چواردەوری شوێنی تەقینەوەکانیان گرتووە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژاڤا لە راگەیەندراوێکیدا رایگەیاند، درۆنی تورکیا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی ناوەڕاستی قامیشلۆی بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە تانکییەکی سوتەمەنی تەقیوەتەوە و زیانی مادی بەر باڵەخانەکە کەوتووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانی گیانی بدات.
دەشڵێت، تورکیا بەردەوامە لەسەر بۆردومانکردنی ناوچەکانی رۆژاڤا و دروستکردنی ناسەقامگیری ئەمنی، داواش لە وڵاتانی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستیان هەبێت دژی ئەو تاوانە دژە مرۆییانەی تورکیا بەرامبەر خەڵکی رۆژاڤا دەیکات.
شاهیدحاڵێکی رووداوەکە بە زوومی راگەیاند، هەردوو تەقینەوەکە لەسەریەک روویانداوە.
لەم گرتە ڤیدیۆیەی خوارەوەدا دەردەکەوێت کە درۆنێکی خۆکوژی لە بەشی سەرەوەی باڵەخانەکە دەدات.
روانگەی سوری لەبارەی تەقینەوەکانەوە دەڵێت، بەهۆی بۆردومانی درۆنی تورکیاوە بووە و تانکییەکی سوتەمەنی تەقیوەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانییەوە نەزانراوە.
دەشڵێت، درۆنێکی دیکەی تورکیا لە رەقە بنکەیەکی سەربازی هەسەدەی کردوەتە ئامانج و هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی گیانییەوە نییە.
روانگەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تورکیا بەدرۆن 29 جار ناوچەکانی رۆژاڤای بۆردومان کردوە و بەهۆیەوە 12 هاووڵاتی مەدەنی و ئەندامی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و 23ـی دیکەش بریندار بوون کە هاووڵاتی مەدەنی و ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانیشی تێدایە.