زووم..
کەناڵى عەرەبییە لە زارى سەرچاوەیەکى ئاگادارەوە وردەکارى نوێى لەبارەى کۆبوونەوەکەى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکرات و مەزڵوم عەبدى فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات ئاشکراکرد و دەڵێت، بارزانى دەیەوێت رۆڵى نێوەنگیر بگێڕێت.
بە گوێرەى سەرچاوەکە، مەزڵوم عەبدی بە یاوەری بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا سەردانی هەولێری کردووە.
هەر بە گوێرەى سەرچاوەکە، بارزانى هەوڵدەدات ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان تورکیا و هێزەکانی (هەسەدە) بگێڕێت، کە ماوەیەکە لە ناوچەکانى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژاڤاى کوردستان) شەڕ و پێکدادان لەنێوانیان هەیە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رۆڵە نێوەندگیرییەى بارزانى دەیەوێت بیگێڕێت، بە بە هاندان و پشتیوانى ئەمریکییەکانە، سەرچاوەکە ئاشکراشیکردووە، زۆرترین قسە و باسى کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بەوە.
مەزڵوم عەبدى رۆژى پێنج شەممە سەردانى هەولێرى کرد و لەگەڵ بارزانى کۆبووەوە، کە سەردانەکەش دواى سێ رۆژ لە سەردانى حەمید دەربەندى نوێنەرى بارزانى بۆ رۆژاڤاى کوردستان هات، کە ناوبراو لە حەسەکە لەگەڵ عەبدى کۆبوونەوەیەکى کرد.
جگە لەوەش سەرچاوەکە، ئەوەشی ئاشکرا کرد، عەبدی و بارزانی باسیان لە یەکخستنی لایەنە کوردییەکان لە سوریا کردووە، جەختیشیان کردووەتەوە، هەڵوێستەکانیان لە ژێر رۆشنایی ئەو گۆڕانکارییانەی لە وڵاتەکە روودادەت یەک بخەن.
هەروەها بە قسەى سەرچاوەکە، عەبدی و بارزانی جەختیان لەوەش کردووە، کە پێویستە “یەکخستنی لایەنە کوردە جیاوازەکانی سوریا” پێش نووسینەوەى دەستوورێکی نوێ بێت لە سوریا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە بارزانی جەختی لەسەر پێویستی بەدەستهێنانی “مافی تەواو” لە چوارچێوەی یەکێتی خاکی سوریادا بۆ کورد کردووەتەوە، بەمەرجێک “هێزی سەربازیی خۆیان بپارێزن”.
کەناڵى عەرەبییە لە زارى سەرچاوەکەوە ئەوەشى ئاشکراکردووە، ئەگەر بارزانی سەرکەوتوو بێت لە نێوەندگیری لە نێوان تورکیا و هێزەکانی هەسەدە، ئەگەری زۆرە 3 دەروازەی سنووری لە نێوان “ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات” و تورکیادا بکرێنەوە و ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان بکرێتەوە.
کۆبوونەوەکەی نێوان عەبدی و بارزانی نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە، کە کەناڵەکە باسى لەوە کردووە، پێدەچێت ئەمە ببێتە هۆی کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە لە سوریا بۆ دوورخستنەوەی بیانووەکانى تورکیا لە ناوچەکە.