زووم..
لە دوایین چاوپێکەوتنیدا پێش ئەوەی کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت و دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەزە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشێک لەو گفتوگۆیانەى ئاشکراکرد، کە لە نێوان خۆی و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا کراوە.
بایدن ئەمڕۆ هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی MSNBC ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار داوای لە نەتانیاهۆ کردووە، هێرشەکان بۆ سەر غەزە بوەستێنێت، بەتایبەتى دواى زیادبوونى قوربانییەکان، هەروەها داواى راگرتنى هێرش و هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەکانی غەزەشم کردووە.
بایدن پێیوایە، نەتانیاهۆ ئەو ئازایەتییەى نییە رووبەڕووی هاوپەیمانی حکومییەکەی ببێتەوە، چونکە رەنگە سبەی ئەم هاوپەیمانێتییە دەنگ بدات بۆ لەکارخستنى، گوتیشى: هاوپەیمانییەکەی نەتانیاهۆ نوێنەرایەتی توندترین حکومەت دەکات لە مێژووی ئیسرائیلدا.
هەروەها جەختیکردووەتەوە، کە بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتووە، پێویستە نیگەرانییەکانی فەلەستینییەکان لەبەرچاو بگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل بەبێ تێگەیشتن لە پرسی فەڵەستین ناتوانێت پشتیوانی لە هەڵوێستەکەی بکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا سەبارەت بە ئاگربەستی غەزە، بایدن ڕوونیکردووەتەوە، لەم دواییانەدا قسەی لەگەڵدا کردووە سەبارەت بە رێکەوتنى ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، بەڵام ئەو ئەم بابەتەی وروژاندووە و باسى لەوە کردووە، کە پێشنیازى خۆى بووە، لە دوای ماوەیەکی کەم لە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا، واتە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو.
ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە، کە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل دەنگ لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست بدات، کە شەوی رابردووتر لە دۆحە راگەیەنرا.