زووم..
مایکڵ ئێریک کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سەردانی سوریای کرد و لەگەڵ بەرپرس و سەربازانی خزمەتگوزاریی سەربازیی ئەمریکا و هاوبەشانی وڵاتەکە لەنێو هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبووەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم لە ئێکس بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتوگۆ لەسەر هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان لە ناوچەکە کرا و نوێترین پێشهاتەکانی سوریایان تاوتوێ کرد.
کوریلا سەردانی کەمپی ئاوارەکانی هۆلی لە رۆژئاڤای کوردستان کرد کە زیاتر لە 40 هەزار ئاوارەی لەخۆگرتووە، سێنتکۆم دەڵێت، بەبێ هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان، رەنگە ئەم کەمپە ببێتە هەڕەشە و نەوەی داهاتووی داعشی لێ بەرهەمبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سوپایەکی نۆ هەزار کەسیی داعش لە زیاتر لە 50 وڵاتی جیاوازەوە هەن کە لە زیندانەکانی ژێر دەستی هەسەدە دەستگیرکراون.
جەختیشی کردەوە، پشتیوانی لە هەوڵی گەڕانەوەی ئاوارەکانی هۆل دەکات بۆ وڵاتانی خۆیان و لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ ئەو وڵاتانەی لێیانەوە هاتوون.