زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان:
شەرقلئەوسەت
نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان گەشبینە بە بونیادنانەوەى سوریا
ئادەم عەبدولمەولا نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە سوریا لەبارەى پلانى گەشەپێدانى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە دواى نەمانى ئەسەد لەسوریا رایگەیاند ئەوان نەخشەرێگەیەکیان ئامادەکردووە بەهاوکاریی ئیدارەى نوێ و لەپێشى هەموو کارەکانەوە گرنگییان داوە بە بونیادنانەوەى ئەو وڵاتە بەمەرجێک پرۆسەى دەستاودەستکردنى دەسەڵات سەرکەوتووبێت.
ئادەم ئاماژەى بەوەشکردووە وڵاتانى هاریکاریی کەنداو مەبەستیانە سوریا بونیادبنرێتەوە، پێشنیازیان کردووە لە بەهاری ئەمساڵدا بۆ ئەو مەبەستە کۆنفراسی ئاوەدانکردنەوەى سوریا ببەسترێت، راشیگەیاندووە نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتى نوێى سوریا سەبارەت بە پێداویستییەکانیان و لەنێویاندا لەئەستۆگرتنى خەرجی پرۆژەى کۆنگرە پێشنیازکراوەکەى وڵاتانى هاریکاریی کەنداو، کە بریتین لە بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر، عەرەبستانى سعودییە و قەتەر.
عەرەب
ئاگربەست هەلە بۆ بەدواداچوونى تاوانەکان لە غەزە
جودی جینسبیرگ سەرۆکی لیژنەى پاراستنى رۆژنامەنووسان کە بارەگاکەى دەکەوێتە نیۆرک داوا لە میدیاکان دەکات هەلى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حەماس بقۆزنەوە بۆ بەدواداچوونى ئەو تاوانانەى لە ماوەى 15 مانگی جەنگەکەدا لە غەزە ئەنجامدراون، راشیگەیاندووە لەو جەنگەدا ژمارەیەکى زۆر رۆژنامەنووس و میدیاکار ژیانیان لەدەستداوە و گیانى خۆیان خستووەتە مەترسییەوە تا جیهان بە بەرچاوڕونییەوە لە روداوەکان بڕوانن و هەواڵەکانیان وەک خۆی پێبگات، داواشی لە دەسەڵاتدارانى فەلەستین و میسر و ئیسرائیل کرد رێگە بە رۆژنامەنووسانى بیانى بدەن بچنە نێو کەرتى غەزە و لە هەمان کاتیشدا داوای لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش کرد بەشێوەیەکى بێلایەنانە لەو تاوانانە بکۆڵنەوە کە لە غەزە رویانداوە و دەبێت ئەو راستییەش روون بکرێتەوە کە بۆچى لەو جەنگەدا رۆژنامەنووسان بە ئەنقەست کراونەتە ئامانج، لیژنەى پاراستنى رۆژنامەنووسان ئەوەشى خستووەتە روو کە لانى کەم ئیسرائیل 11 رۆژنامەنووسى بە ئەنقەست کردووەتە ئامانج و لە لایەن هێزەکانیانەوە کوژراون و ژمارەیەکیشیان ماڵ و شوێنى نیشتەجێبوون و خێزانەکانیان کراونەتە ئامانج.
عەرەبی جەدید
نەبوونى رێککەوتنى سیاسی رێگرە لە دەرنەچوونى یاساى لێبوردنى گشتى
سوننەکانى عێراق هەڵوەداى دەرکردنى یاساى لێبوردنى گشتین کە ماوەیەکى زۆرە لە سەر مێزى پەرلەمانى عێراقە، بەڵام بەشێکى زۆر لە لایەنە شیعیەکانى عێراق رێگریی دەکەن و هەر جارەى بە پاساوێک خوێندنەوەى یاساکە دوادەخەن، رۆژنامەى عەرەبى جەدید ئاماژەى بەوەکردووە، لەکاتى پشتگیریی کردنى کورد و سوونەکانى عێراقدا بەهەڵبژاردنى محەمەد شیاع سودانى بۆ سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران ئەوبوو کە کار بە ئەجێنداو پەیمانەکانى بکات، یەکێک لەوانە یاساى لێبوردنى گشتییە کە بەشێکى زۆری لە بەرژەوەندیی سوننەکانە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە حکومەتەکەى مالیکی لە ساڵی 2006 تا 2014 هەڵمەتێکی بەرفراوانى کردووە بۆ دەستگیرکردنى ژمارەیەکى زۆر لە عێراقییەکان و پشکى سەرەکیش بەرسوونەکان کەوتووە، ژمارەیەکى زۆر لە زیندانییەکان بە پاساوى جۆراروجۆر لە زیندانەکان ماونەتەوە و سزای قورسیان بەسەردا دراوە و هەندێکیان زیندانى هەمیشەیی و ژمارەیەکیشیان سزاى لە سێدارەدانیان بۆ دیاریکراوە، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەشکردووە لەمپەرى سەرەکی بەردەم پرۆسەکە نەبوونى رێککەوتنى پێشوەختەى لایەنە سیاسییەکانە لەسەر یاساکە.
جەریدە
کوەیت رەگەزنامەى وڵاتەکەى لە هەزاران کەس وەرگرتەوە
لیژنەى باڵاى بەدواداچوونى رەگەزنامە لە وەزارەتى ناوخۆی کوەیت رایگەیاند لە سەر بریاری شێخ فەهد یوسف وەزیری ناوخۆی کوەیت بەدوادا چوونیانکردووە بۆ رەگەزنامەى سەرجەم ئەو کەسانەى کە رەگەزنامەى کوەیتییان وەرگرتووە و هاووڵاتى بیانیین، دەرکەوتووە کە 121 کەسیان ساختەن و 4 دانەشیان دووبارەن، لیژنەکە رایگەیاندووە پێنج هەزارو حەوت سەد و شەش حاڵەتیش بەهۆکارى جیاجیا رەگەزنامەیان لێوەرگیراوەتەوە، بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئەوانەى بەهۆی هاوسەرگیرییەوە رەگەزنامەیان پێدراوە و دواتر جیابوونەتەوە هەموویان هەڵوەشاونەتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان:
یەنی شەفەق
تورکیا و سوریا هەماهەنگیی سەربازییان پێکەوە دەبێـت
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە رایگەیاند وەزیرەکانی ئیدارەى نوێی سوریا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر سەردانی ئەنقەرەیان کرد لەگەڵ تورکیا رێککەوتوون کە ئەنقەرە هەماهەنگی سەربازییان لەگەڵ بکات. هاوکات ئەنقەرە پێداگریی ئەوەشی کردووە کە دەبێت ئیدارەى نوێی سوریا هەماهەنگی تورکیا بکات لە روبەڕووبونەوەى رێکخراوە تیرۆریستییەکان.
ئەنقەرە گفتی بە ئیدارەى نوێی سوریا داوە لە بواری بەرگریی سەربازیدا هاوکارییان بکات.
میللییەت
بەهۆی کحولی ساختەوە لە سێ رۆژدا 33 کەس گیانیان لەدەستداوە
تادێت گیانلەدەستدان بەهۆی خواردنەوەى کحولی ساختەوە زیاددەبێت و تائێستا نەتوانراوە رێگریی بکرێت لە فرۆشتنى کحولی ساختە لەو وڵاتە.
بەگوێرەى ئامارەکانی پارێزگای ئیستەنبوڵ زۆرترین رووداوی ژەهراویی بون و گیانلەدەستدان بەهۆی کحولەوە لە ئیستەنبوڵ بووە و لە ماوەى سێ رۆژى رابردوودا 33 کەس گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیسی شارەکە نۆ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە کحولی ساختەوە دەستگیرکردووە.
پسپۆڕان هۆشداریی دەکەن لە کڕینی کحولدا پشکنین بۆ بارکۆدی بەرهەمەکە بکەن تاکوو دڵنیا بن لەوەى بەرهەمەکەیان ساختە نییە.
ئەڤرەنسەل
ئەو منداڵانەى لە خوێندن بێبەش بوون بە رێژەى سەدا 38 ژمارەیان زیادبووە
بەگوێرەى راپۆرتێکی سەندیکای پەروەردە (ئەیتم سەن) ئەو مناڵانەى بێ بەش بوون لە خوێندان رێژەیان سەدا 38 زیادیکردووە و گەیشتۆتە یەک ملیۆن و 578 هەزار مناڵ.
بەشێک لەو مناڵانە بەهۆی هەژارییەوە کاردەکەن و تەنانەت رووبەڕووی رووداوی نەخوازراو لەسەر کارەکەیان دەبنەوە.
سەندیکا و رێکخراوەکان داوا لە حکومەت دەکەن هاوکارییەکان بۆ مناڵانی هەژار و کەمدەرات زیاد بکات تاکوو بتوانن درێژە بەخوێندن بدەن.
تورکیا
هەفتەى سێ رۆژ گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و دیمەشق ئەنجامدەدرێت
وابریارە لە 23 ى ئەم مانگە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و دیمەشق دەستپێبکاتەوە و هەفتەى سێ رۆژ گەشتەکان لەنێوان هەردوو وڵات ئەنجام بدرێت.
ئەو سورییانەى گەشت دەکەن پێویستە بەڵگەنامەى تەواویان پێبێت و بەگوێرەى رێنماییەکان نابێت ئێرانییەکان و ئیسرائیلییەکان ناتوانن گەشت بۆ سوریا بکەن.
حکومەتی تورکیا هاوکاری سوریای کردووە لە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەى گەشتە نێودەوڵەتییەکان و چاککردنی کەموکورتییەکانی فڕۆکەخانەکانی سوریا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان:
گاردیەن
پێداچوونەوەی بەپەلە بۆ باندەکانی دەستدرێژی سێکسی ئەنجام دەدرێت
پێداچوونەوە بۆ باندەکانی دەستدرێژی لەلایەن وەزیری ناوخۆی بەریتانیا یوت کوپەرەوە راگەیەندرا.
ئەم کارە لە وەڵامی پەرەسەندنی فشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و نیگەرانییەکان سەبارەت بەو پرسە ئەنجام دەدرێت.
ئامانج لەم پێداچوونەوەیە دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی دەستدرێژی سێکسی و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە حاڵەتانە.
هەروەها هەوڵەکان لە ئارادایە بۆ لێکۆڵینەوە لە رۆڵی دامەزراوە حکومییە ناکاریگەرەکان وەک پۆلیس و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی ئەم کەیسانەدا کە بووە بە دیاردەیەکی مەترسیدار.
ئیندیپندنت
تێچووی قورسی 466 رۆژ شەڕ لە غەزە
دوای 466 رۆژ لە شەڕ لە غەزە، تێچووی مرۆیی و ژێرخانی زۆر قورس بووە و
بە گوێرەی ئامارەکان:
46 هەزار و 788 فەلەستینی کوژراون و لانیکەم 110 هەزارو 453 کەسیش بریندار بوون.
زیاتر لە 8 هەزار و 200 موشەک لە غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە، زیاتر لە 12 هەزار موشەکی دیکەش لە لوبنانەوە.
150 هەزار کەس لە باشووری ئیسرائیل ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
345 هەزار کەس لە غەزە تووشی قەیرانی توندی برسێتی بوونەوە.
40 هەزار ئامانج لە غەزە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
یەک ملیۆن و 303 هەزار تەن هاوکاری مرۆیی رەوانەی غەزە کراوە.
%69ی باڵەخانەکانی غەزە وێران بوون یان زیانیان پێگەیشتووە.
371 کارمەندی فریاگوزاری کوژران.
دوای ئەم هەموو کاولکارییه ناچار بوون ئاگربەست بکەن.
فاینانشیاڵ تایمز
دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ نزیکبوونەوەی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئاڵۆزە
لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئەوەیە رێککەوتنی ئاگربەستی غەزە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دۆخ و گوزەرانی فەڵەستینییەکان تابێت بەرەو خراپی دەچێت، دوێنێ لە دێر بەلەح لە کەرتی غەزە لە نۆرەی وەرگرتنی خۆراک و دەرماندا بە چاوەڕوانی ماونەتەوە.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە رێککەوتنی ئاگربەست بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل لەسەر داوای بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆدەبێتەوە و بڕیارە دەنگ لەسەر رێککەوتنەکە بدات.
ئۆرشەلیم پۆست
هیوا، دڵەڕاوکێ و توڕەیی لە قودس
خەڵکی ئیسرائیل بەنێو دۆخی هیوا و دڵەڕاوکێ و توڕەییدا تێدەپەڕن لە کاتێکدا خەریکە ئاگربەستی غەزە بەتەواوەتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست راپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی خەڵکی ئیسرائیل کردووە و لێدوانی لە چەند کەسێک وەرگرتووە، بەشێکیان دەڵێن، نابێت چاوەڕوانی ئاهەنگگێڕانی زۆر بن، چونکە ئەگەری ئەوە نییە سەرجەم بارمتەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، هێشتا 98 بارمتە لەلای حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی حەماسن، بڕیارە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە 33 کەس ئازادبکرێن، بەڵام هیوای وا نییە هەموویان زیندوو مابن.