زووم..
فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، چەندین سەرکردەی سیاسی و لایەنی سیاسی عێراق هەوڵدەدەن سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان قایل بکەن چەک دابنێن و ببنە بەشێک لە سوپای عێراق.
فواد حسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، عێراق لە یەک کاتدا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتن دەدات.
فواد حسێن لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لەوەشکردووە، پێی وانیە عێراق وڵاتی دواتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، کە بەهۆی بوونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە بکرێت ئامانج.
دەشڵێت، هێشتا دیار نیە ئیدارەی نوێی واشنتن چی سیاسەتێک بەرامبەر عێراق و ئێران پەیڕەو دەکات.
فواد حسێن بە رۆیتەرزی گوتووە، دوو یان سێ ساڵ پێش ئێستا، مەحاڵ بوو بابەتی چەکدانانی گرووپەکان لە کۆمەڵگەی عێراقدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بەڵام ئێستا بوونی ئەو گرووپانە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت قبوڵکراو نیە.