زووم..
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پیرمام کۆبوویەوە و لەبارەی بارودۆخی سوریا و رۆژاڤا گفتوگۆیان کرد، جەختیشیان لە یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان لە سوریا کردەوە.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی بارزانی و مەزڵوم عەبدی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەدوای پێشوازی مەسعود بارزانی لە فەرماندەی هەسەدە، هەردوولا لە کۆبوونەوەیەکدا “بارودۆخی سوریا، دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سوریا، چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی وڵاتەکە و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان”ـیان تاووتوێکرد.
لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە، هەردوولا جەتیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سوریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێک بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا بگەنە رێککەوتن.
بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، بارزانی و مەزڵوم عەبدی سووربوون لەسەر ئەوەی لایەنە کوردییەکانی سوریا لە رێککەوتنیان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا “فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سوریادا هاتوون.”
پێشتر هۆشیار زێباری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەى مەسعود بارزانی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی دەستکەوتێکی گرنگە و دەبێتەهۆی بەهێزکردنی یەکگرتوویی و یەكڕیزی کورد بەرانبەر بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق.