زووم..
لەبارەی بڵاوکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن پێشمەرگەوە، وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەیەک بڕیار و راسپاردەى دەرکرد و دەڵێت، بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە نمایش و خۆدەرخستنێک لە سۆشیال میدیا قەدەغەیە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییەى لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نمایشکردن بە جل و بەرگی سەربازی بە شێوەیەکی نادروست، هەروەها دانانی پەیج و ئەکاونتی نافەرمی لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان، ئەو بڕیار و راسپاردانەیان دەرکردووە.
لە بڕیارەکانى وەزارەتى پێشمەرگەدا هاتووە، هەموو جۆرە پۆستێک و بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە نمایش و خۆ دەرخستنێک بە جلی سەربازییەوە لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی پێشمەرگە بگەیەنێت، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەغەیە.