زووم..
داهاتی گومرگی عێراق لە 2024 دوو هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە زياتر لە دوو ترلیۆن دینار.
حەسەن عگێلی سەرۆکی دەستەی گومرگی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوتووە، داهاتی گشتی گومرگ لە ساڵی رابردوو دوو تریلۆن و 131 ملیار دینار بووە، پێشبینی دەکەن بۆ ئەمساڵ بڕەکەی زیاتر ببێت.
لەبارەی داهاتی گومرگی ساڵی رابردووی هەرێمی کوردستانەوە، دەڵێت، هیچ داتا و زانیارییەکان لەسەر داهاتی گومرگی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 نییە و ئەوەی رایانگەیاندووە تایبەتە بە عێراق.
بە گوتەی عگێلی تەواوی دەسکەوتەکانی ساڵی رابردوو لەگەڵ پلانەکانیان بۆ ئەمساڵ بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق خستوەتەڕوو، کار لەسەر ئەوە دەکەن لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەواوی گومرگەکان بکرێنە ئەلیکترۆنی.
داهاتی گومرگی عێراق لە ساڵی 2022ـدا 807 ملیار دینار بووە، بەڵام لە ساڵی 2023ـدا گەیشتووەتە تریلۆنێک و 33 ملیار دینار کە بەراورد بە ساڵی 2022 بەڕێژەی %28 زیادیکردبوو، بەڵام بۆ ساڵی 2024 داهاتەکەی بۆ دوو ترلیۆن و 133 ملیار دینار بەرزبووەتەوە، بەراورد بە 2023، %106 زیادیکردووە.