زووم..
نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت بۆ 82 دۆلار و 82 سەنت و خاوى تەکساسیش بۆ 80 دۆلار و 73 سەنت بەرزبووەوە، کە بەرزترین نرخە لەماوەى پێنج مانگى رابردوودا.
بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، بەرزبوونەوەى نرخى نەوت چەند هۆکارێکى لەپشتە، گرنگترینیان سەپاندنى سزا نوێیەکانى ئەمریکایە بەسەر کەرتى نەوت و غاز و کەشتییە گوێزەرەوەکانى نەوتى روسیا، کە بەگوێرەى بەدواداچوونێکى رۆیتەرز، لەدواى سزاکانەوە ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لەسەر ئاستى جیهان 992 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمیکردووە.
هەروەها، راگەیاندنى ئاگربەستى غەزە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و جێبەجێکردنى ئاگربەستەکە لە یەکشەممەى داهاتووەوە، یەکێکى دیکەیە لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت.
بەگوێرەى شرۆڤەکارانى ئابووریى رۆیتەرز، ئەم مانگە بەهۆى زۆرى فێستیڤاڵە ئاینییەکان لە هیندستان و هاتنى سەرى ساڵ لە وڵاتى چین لەو دوو وڵاتە کە ژمارەى دانیشتووانیان زۆرە، جموجۆڵى ئۆتۆمبێل و گەشتى فڕۆکە زۆر زیاد دەکات، ئەوەش خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و یەکێکى دیکەیە لە هۆکارى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت، پێشبینى دەکرێت نرخى نەوت زیاتر بەرزبکاتەوە.