زووم..
لە ساڵی 2014ـەوە یەمەن بەدەست شەڕ و ناکۆکییەوە دەناڵێنێت، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لە خراپتربوونی قەیرانی وڵاتەکە دەدات و دەڵێت، لانیکەم 19 ملیۆن و 500 هەزار کەس لەو وڵاتە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.
جۆیس مسویا، جێگری سەرۆکی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتی، لانیکەم 19 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە یەمەن ئەمساڵ پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی و پاراستنە، ئەم ژمارەیەش یەک ملیۆن و 300 هەزاری زیاترە لە ساڵی 2024، ئەوە جگە لەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵە و بەهۆی بەدخۆراکییەوە کێشەی گەشەیان بۆ دروستبووە.
ئەو دەڵێت، نزیکەی نیوەی خەڵکی یەمەن کە دەکاتە زیاتر لە 17 ملیۆن کەس، ناتوانن پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکانیان دابینبکەن، نیگەرانیشی دەربڕی بەرامبەر بە پەراوێزخستنی ژنان و کچان و ئاوارەکان کە ژمارەیان چوار ملیۆن و 800 هەزار کەسە.