وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەست 33 بارمتەی ئیسرائیل لەبەرامبەر دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن.
قەتەر بە فەرمی ئاگربەستی لەنێوان هەردوولا راگەیاند و دەڵێت، لە رۆژی یەکشەممەوە ئاگربەستەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
میدیا جیهانییەکان دەڵێن، لە قۆناغی یەکەم ئیسرائیل بە قوڵی 700 مەتر دەکشێتە دواوە، قۆناغەکانی دواتر زیاتر دەکشێتەوە، رەنگە بکشێتەوە ئەو ناوچانەی پێش حەوتی ئۆکتۆبەر بەدەست سوپاوە بوون.
قەتەر وردەکاریی ئاگربەستەکەی ئاشکرا کرد و دەڵێت، لە قۆناغی یەکەم 33 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا ئیسرائیل دوو هەزار فەڵەستینی ئازاد دەکات، لەنێویاندا 250 زیندانی هەن سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها هەزار زیندانیان لەوانەن لەدوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە زیندانیکراون
لەگەڵ ئازادکردنی زیندانی و بارمتەکان، هاوکاری و کۆمەکی خەڵکی غەزە دەستپێدەکات، ئیسرائیل رێگە بە بریندارەکان دەدات بۆ چارەسەر بچنە دەرەوەی غەزە، بۆ ئەو مەبەستەش لە قۆناغی یەکەمدا ئیسرائیل حەوت رۆژ رێگە بە کردنەوەی دەروازەی رەفەح دەکات. رۆژانە 600 بارهەڵگر کۆمەک و پیتاک دەچێتە کەرتی غەزەوە بەسەر خەڵکیدا دابەشدەکرێت