زووم..
لاهور شێخ جەنگى دەچێتە واشنتن و ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەمریکا بانگهێشتى کردووە بۆ میواندارییەکى تایبەت بە رێوڕەسمى دەستبەکاربوونى سەرۆک، کە لە رۆژى 18ـى ئەم مانگەدا بۆ کۆمەڵێک لە بەرپرسانى ئیدارەى نوێ و کۆنگرێسمان و ژمارەیەک کەسایەتییەکان رێکدەخرێ.
جگە لەو رێوڕەسمە تایبەتە، رۆژى 20ـى مانگیش لاهور شێخ جەنگى لە باڵەخانەى کاپیتۆڵ بەشدارى رێوڕەسمى سوێندخواردن و دەستبەکاربوونى دۆناڵد ترەمپ دەکات.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، ئیدارەى خۆسەرى رۆژاڤا و مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتیى هێزەکانى سوریاى دیموکرات داوایان لە لاهور شێخ جەنگى کردووە نوێنەرایەتیی داواکارییەکانى رۆژاڤاش بکات و پەیامى ئەوان بە ئیدارەى نوێى کۆشکى سپى بگەیەنێت.
21ـى مانگى رابردوو لاهور شێخ جەنگى چووە ئەمریکا بۆ لۆبیکردن بۆ رۆژاڤا و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسى ئیدارەى بایدن و ئیدارەى داهاتووى ترەمپ بەجیا کۆبووەوە، داواى لێکردن پشت لە رۆژاڤاى کوردستان نەکەن و هاوکارى زیاترى شەڕڤانانى کورد بکەن، لە سەردانەکەی ئەمجارەشدا هەمان داوا لە بەرپرسانى نوێى کۆشکى سپى دەکات.
چەند رۆژێکە پەیوەندى و جوڵەى سیاسی لەنێوان پەیەدە و ئەنەکەسە دەستیپێکردووە، نوێنەرى بارزانى چووە رۆژاڤاى کوردستان و چاوى بە مەزڵوم عەبدى کەوت، زووم دەزانێ هەموو ئەوانە بەشێکە لە هەوڵەکانى لاهور شێخ جەنگى بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندى لایەنە سیاسییەکانى رۆژاڤا کە لە سەرەتاى رووداوەکانى دواى کەوتنى بەشار ئەسەدەوە لە چەندین لێدوانى جیاوازدا داواى یەکگرتوویى لایەنە کوردییەکان و پێکهێنانى شاندێکى هاوبەش کرد بۆ چوونە دیمەشق.