زووم..
سەدان هاووڵاتی شارەکانی عەین عیسا و کۆبانێ بۆ دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی و راگرتنی هێرشەکانی تورکیا، لە رێگادا بوون بەرەو بەنداوی تشرین، بەڵام کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان لەلایەن فڕۆکەی تورکیاوە بۆردومان کران و بەهۆیەوە چەند کەسێک بریندار بوون.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، فڕۆکەی جەنگی تورکیا بە چڕی بۆردومانی کاروانێکی هاووڵاتیانی مەدەنی رۆژاڤای کرد، کە بۆ دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی و راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بەرەو بەنداوی تشرین دەڕۆیشتن.
هەسەدە گرتەی ڤیدیۆیی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڵاوکردوەتەوە، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کراون و ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە هیچ کەسێک گیانی لەدەستدابێت.
ئەمە چوارەم کاروانی خەڵکی رۆژاڤایە بۆ پارێزگاری لە بەنداوی تشرین و دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی لە بەنداوەکە دژی هێرشەکانی تورکیا و لەکاتی بەڕێکەوتنی یەکەم کاروانیشدا لەلایەن تورکیاوە بەئامانج گیران و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون.