زووم..
وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان راگەیەنراوێکى لەبارەى مووچەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، عێراق ٤٨٪ شایستەی لەبەشە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بە ٥٢ گوژمە ناردووە.
وەزارەتى دارایی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیەنراوەکەى بڵاویکردووەتەوە و دەشڵێت، لە ٢٠٢٤/١/١ تا ٢٠٢٤/١٢/٣١ بەغداد لە کۆی ٢٠،٩١٠،٤٦٣،٩٥٠،٠٠٠ تەنها ١٠،٠٢٦،٨٨٣،٥٤٤،٥٨٩ دیناری بۆ هەرێم ناردووە.
وەزارەتى دارایی هەرێم روونیکردووەتەوە، لەساڵی ٢٠٢٤ وەزارەتی دارایی فیدراڵ یەک دیناری بۆ خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
هەروەها رایگەیاندووە، ئەو تەمویلەشی بۆ مووچە ناردویەتی بەنزیکەیی دەکاتە مووچەی ١٠ مانگی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە لە تێکڕای ساڵەکە.
وەزارەتى دارایی هەرێم باسى لەوەش کردووە، کە ئەو پارەیەشی ناردویەتی بەپچڕ پچڕ و بە ٥٢ گوژمە گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتى.