زووم…
سەرۆکی گشتیی هودا پار رایگەیاند، لەپێناو ئاشتەوایی و بێدەنگکردنی چەکەکاندا ئامادەین لەگەڵ شاندی ئیمراڵی کۆببینەوە، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا شاندەکە داوایان لێنەکردووین سەردانمان بکەن.
بەگوێرەى هەواڵێکی پێگەى ئامیدا خەبەر، زەکەریا یەپیجیئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی هوداپار رایگەیاندووە، پارتەکەیان پشتیوانی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ ئاشتەوایی و کۆتاییهێنان بە شەڕ بێت. لەم پڕۆسەیەدا پشتیوانی لایەنە نەتەوەپەرستەکان بۆ پرۆسەکە گرنگە و چانسی سەرکەوتنی پرۆسەکە زیاتر دەکات.
هیواشی خواستووە لایەنەکان هەڵەکانی پرۆسەکەى ساڵانی نێوان 2013 بۆ 2015 لەبەرچاو بگرن بۆ ئەوەی ئەمجارە بە ئەزموونێکی باشترەوە پرۆسەکە بەڕێوە ببەن.
هەفتەى رابردوو، شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتبوو لە سری سورەیا ئۆندەر، ئەحمەد تورک و پەروین بوڵدان، سەردانی شەش پارتی سیاسیی تورکییان کرد، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەى دیدارەکان لەگەڵ ئۆجالان، جگە لەوەش سەردانی هاوسەرۆکەکانی پێشووتری هەدەپەیان لە زیندان کرد.