زووم…
بریکارى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەمزووانە شاندێکیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى رێگریکردن لە هەناردەکردنى بەرهەمى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بۆ پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق، سەردانى بەغداد دەکەن.
سەروەر کەمال هاوارى، بریکارى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازی، لەوبارەیەوە بە زوومى گوت، ماوەیەکە لە بازگەکانى عێراق رێگرى لە هەناردەکردنى بەرهەمى ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەکرێت، بۆیە ئەوان شاندێکیان دەچێتە بەغداد بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە.
دەشڵێت، شاندێکیان بەفەرمى بانگهێشتى بەغداد کراون، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزاریى حکومەتى عێراق، کە تایبەتە بە پرسى تۆمارکردنى کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان لە عێراق و ئەو باج و رسوماتانەى دەیانگرێتەوە.