بۆ یەکەمجار لە مێژووی یارییەکانی جامی جیهانی بۆ تۆپی پێ، کچان و ژنان سەرکردایەتی یارییەکان دەکەن و لە کۆستاریکا و ئەڵمانیاوە دەستپێدەکەن.
ئەو یارییەی کۆستاریکا و ئەڵمانیا لە سەعات ١٠ی شەوی پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت و ستافی بەڕێوەبردنی یارییەکە بە تەواوی کچ و ژنن.
ستافی بەڕێوەبردنی یارییەکە بە تەواوی کچ و ژنن
ناوبژیوانی ناو یاریگا خانمێکی فەرەنسییە بەناوی ستیفانی فراپارت، کە تەمەنی ٣٨ ساڵانە و لە ساڵی ٢٠٠٩وە وەک ناوبژیوانی دانپێدانرا و چۆتە ناو لیستی ناوبژیوانە نێودەوڵەتییەکانی فیفاوە.
پێشتر لە ١٤ی ئابی ٢٠١٩ وەک ناوبژیوانێکی سەرکەوتو، یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئەوروپای لەنێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوڵ و چێڵسی بەڕێوەبرد.هەروەها لە مۆندیالی ئەمساڵی قەتەردا، وەک ناوبژیوانی چوارەم بەشداربو لە بەڕێوەبردنی یاری مەکسیک و پۆڵەندا.
نویزا باکی بەرازیلی و دیاز مدینای مەکسیکی بەشداردەبن لە بەڕێوەبردنی یارییەکەدا
لە یارییەکەی کۆستاریکا و ئەڵمانیادا، نویزا باکی بەرازیلی و دیاز مدینای مەکسیکی بەشداردەبن لە بەڕێوەبردنی یارییەکەدا.
جگە لەو ناوبژیوانە فەرەنسییە، دوو ژنی دیکەش کە بریتین لە: سەلیمە موکاسانگای رواندا و یوشیمی یاماشیتای ژاپۆنی، لەنێو ئەو ٣٦ ناوبژیوانەدان، کە بۆ سەرکردایەتیکردنی یارییەکانی مۆندیالی قەتەر دەستنیشانکراون.
لەبارەی ئەو ئەرکەی لەم مۆندیالەوە پێیانسپێردراوە، سەلیمەی رواندی بە بی بی سی بەریتانی وتوە: جێی خۆشحاڵییە و دەستکەوتێکی گەورەیە، چونکە پێشتر شتی وا روینەداوە.
سەلیمە موکاسانگا لە ساڵی ٢٠١٢وە بۆتە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەلای فیفا و وتویەتی: لە پای دەستنیشانکردنمان وەک ناوبژیوانی یارییەکانی مۆندیال دەبینە یەکەمین و دەرگاش بۆ ژنانی دیکە دەکەینەوە، بەتایبەت بۆ کیشوەری ئەفریقا.
موکاسانگا تەمەنی ٣٤ ساڵانە و پێیوایە کچان و ژنانیش چانسیان هەیە، بەڵام دەبێت بیقۆزنەوە و هەلەکان لەدەستنەدەن.