زووم..
بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی دادوەری لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، گیانلەدەستدان بە رووداوەکانی هاتوچۆ لە پارێزگاکە بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا 11 زیادیکردووە.
بێهزاد غەزەنفەریپوور بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای گوتووە، لە 9 مانگی رابردوودا، 399 کەس بە رووداوی هاتوچۆ لە سنە گیانیان لەدەستداوە، 89ـیان ژن و 310 ـیان پیاو بوون. هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی سووتانی جەستەوە لەنێو رووداوەکانی هاتوچۆدا گەیشتووەتە 28 کەس، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی لەسەدا 17 زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە دۆخی ناجێگیریی کەشوهەوا، وەک بەفر و باران، کە دەبێتە هۆی خلیسکبوونی رێگاوبانەکان و کەمکردنەوەی ئاستی بینین، دوو لە هۆکارەکانی رووداوی هاتوچۆن.
دەشڵێت، خراپبوونی بەشێکی زۆر لە رێگاوبانەکانی پارێزگاکە رووداوەکانی زیاترکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی پزشکی دادوەریی پارێزگای سنە، مردنی ئاسایی بەراورد بە ساڵی رابردوو لەسەدا سێ کەمیکردووە.