زووم..
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەبارەی درۆنەکانی شەڕڤانان رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە رێککەوتنێکی نێوان هەسەدە و ئێران دەکەن بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان درۆن و هیچ بنەمایەکیان نییە، بەڵکو درۆنەکان بەرهەمی ئەزموونی تایبەتی خەڵکی رۆژاڤایە.
دەشڵێت، میدیای تورکیا، کە پشتیوانی لە سیاسەتی حکومەتی تورکیا دەکەن، بۆ جینۆسایدی گەلانی ناوچەکە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و بێبنەما روبەڕووی قەیران بووەتەوە، بەتایبەت بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەسەر ئەوەی گوایە هێزەکانمان و ئێران بۆ دابینکردنی هەزار و 500 درۆن رێککەوتوون.
بەگوتەی شامی، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ناڕاستە زیانگەیاندنە بە شەڕڤانان و گەلی رۆژاڤا و دروستکردنی کەشێکی دوژمنکارانە بەرامبەر بە دۆزی گەلی کورد لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ رای نێودەوڵەتی.
گوتەبێژی هەسەدە دەشڵێ، شەڕڤانان سوودیان لە شارەزاییەکانیان لە شەڕی داعش وەرگرتوە و لە ماوەی رابردوودا توانیویانە پەرە بە توانا سەربازییە نێوخۆییەکانیان بدەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست بکەن.