زووم..
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان جەختی لە گرنگی پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، گۆتێرێس و فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە نیو یۆرک کۆبوونەتەوە. لە دیدارەکەدا گوتێرێس جەختی لە هەماهەنگیی نێوان عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان لە رووبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لەسەر ئاستی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی کردووەتەوە.
هەر لەو دیدارەدا فوئاد حسێن دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەی بە تێروتەسەلی خستووەتەڕوو، جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری خێراش کردووە بۆ قەیرانە هەنووکەییەکان، ئەمەش لەپێناو تۆکمەکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم.
وەزارەتەکە دەڵێ، گۆتێرێس ستایشی رۆڵی عێراقی کردووە، بەتایبەتی لە قەیرانەکانی سوریا، فەڵەستین و لوبنان، پشتیوانیی خۆی دووپاتکردەوە بۆ هەوڵەکانی عێراق لە برەودان بە سەقامگیری و گەشەسەندنی ناوچەکە.