زووم..
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، داوا لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دەکات پابەندی بڕیارەکانی ساڵی 2019 بێت کە تایبەتن بە راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژاڤا.
عەبدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “شەرق” گوتوویەتی، دواکارییەکانی ئەوان دژی یەکپارچەیی خاکی سوریا نیین، ئەوان داوای لامەرکەزی دەکەن نەک دەوڵەتی فیدراڵی.
گوتووشیەتی، 10 ساڵە دامەزراوەی سەربازی و ئابوورییان هەیە، ئامادەن ئەو دامەزراوانە بخرێنەوە سەر دیمەشق، بەڵام دەبێت مافی پێکهاتەی کورد وەک هەر یەكێک لە پێکهاتەکانی دیکە بە گوێرەی دەستوور پارێزراوبێت.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی کردووەتەوە لەوەی ئەوان کراوەن بۆ گفتۆگۆکردن لەگەڵ دیمەشق و چۆنیەتیی بەستنەوەی هێزەکانیان بە وەزارەتی بەرگرییەوە، بەڵام ئەوە کاتێک دەکرێت ئاگربەستی تەواوەتی لە سوریا رابگەیەنرێت، بەو پێیەی تاوەکو ئێستا هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژاڤا بەردەوامن، ئەوان لەگەڵ ئەوەی دەستی ئاشتی درێژ دەکەن، لە ئامادەباشیی تەواویشدان بۆ هەر هێرشێک کە بکرێتە سەریان.