زووم..
نۆ رۆژە خۆپیشاندانى دانیشتووانی خەلەکان و گوندەکانی دژی تەواونەکردن و راگرتنی کارکردن لە رێگای رانیە – سلێمانی، خراپیی دۆخی کارەبا و نەبوونى خزمەتگوزاری بەردەوامە، سێ رۆژە ناحیەی بنگردیشیان هاتووەتە پاڵ.
لە رۆژی پێنجشەممەشەوە خۆپیشاندەران بەتەواوى رێگای هاتوچۆکردنیان داخستووە و بەشەو و رۆژ لەسەر شەقام دەمێننەوە و خێوەتیان هەڵداوە.
بە هەمان شێوە، دانیشتووانى ناحیەى بنگرد و دۆڵى مەرگە ماوەى سێ رۆژە رێگاکەیان گرتووە و خێوەتیان هەڵداوە.
دانیشتووانی ناحیەکانی خەلەکان و بنگرد، بە زوومیان گوت، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، رێگاکە ناکەنەوە.
دەشڵێن، تەنها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن حزبەکانی دەسەڵات خەڵکیان لەبیرە و بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن.
تەنیا رێگای هاتوچۆ لەنێوان سلێمانی و راپەڕین و هەولێر، جگە لە کەرکوک، رێگەی کۆیەیە، ئەویش قەرەباڵغییەکى زۆری لەسەرە.
هەروەها بەهۆی داخرانی رێگاکەوە لە بازگەی دێگەڵە ئاستەنگی هاتوچۆ و قەرەباڵغی دروستبووە و بارهەڵگرێکی زۆر لەسەر رێگاکەدا وەستاون تا بچنە سنووری پارێزگای هەولێرەوە.