زووم…
رۆژنامە تورکییەکان
ئەڤرەنسەل
قەیومی ئێلیهـ کۆتایی بەکاری 40 کرێکاری شارەوانییەکە هێنا
قەیومی شارەوانی ئێلیهـ کۆتایی بە کاری 40 کرێکاری شارەوانییەکەى هێنا.
دەرکردنی ئەو کرێکارانە بە پاساوی ئەوە بووە پەیوەندییان بە پەکەکە وە هەیە، لە کاتێکدا تائێستا هیچ دۆسیەیەکی یاسایی لەسەر ئەو کرێکارانە نییە.
کرێکارەکان لەپاش هەڵبژاردنى شارەوانییەکانی 31ـى ئازاری 2024ـوە وەرگیراون لەلایەن سەرۆکی شارەوانییەکە “گوڵستان سۆنوک” کە توانی 54٪ـى دەنگەکان بەدەستبهێنێت لە شارەکە.
حوڕییەت
لە دوو رۆژدا بەهۆی کحولی ساختەوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا
تادێت بازرگانی کردن بە کحولی ساختەوە زۆر دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردووە.
تائێستا حکومەت نەیتوانیوە رێگریی بکات لە کحولی ساختە.
لە ئیستەنبوڵ تەنها لەماوەى دوو رۆژدا 11 کەس بەهۆی خواردنەوەى کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە.
پارێزگاری ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە ساڵی پار 11کەس بەهۆی خواردنەوەى کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە و 110 کەسی دیکەش بەهۆی کحولی ساختەوە ژەهرخواربوون.

تورکیا
وەزیری بەرگری و دەرەوەی سوریا سەردانی تورکیا دەکەن
وابڕیارە ئەمڕۆ هەریەک لە وەزیری بەرگریی و وەزیری دەرەوەی سوریا و سەرۆکی هەواڵگریی سوریا سەردانی ئەنقەرە بکەن.
ئەنقەرە دۆسیەى پاکتاوکردنی پەکەکە-یەپەگە لە سوریا لەگەل ئەو وەزیرانە تاوتوێ دەکات.
ئەم سەردانە بە یەکەم سەردانی ئیدارەى نوێی سوریا دەبێت بۆ تورکیا.
هاوکات بە گوێرەى زانیارییەکان باس لە دامەزراوەیی کردنی هێزەکانی پۆلیس و سوپای نوێی سوریاش دەکەن و تورکیا لەو رووەوە ئامادەیی خۆی بۆ هاوکارییەکانی بۆ ئیدارەى نوێی سوریا راگەیاندووە.
بە گوێرەى زانیارییەکان تەوەرەیەکی دیکەى کۆبونەوەکان پرسی گەڕانەوەى پەنابەرە سورییەکان لە تورکیاوە بۆ وڵاتی خۆیان بابەتێکی دیکەی کۆبونەوەکەى شاندی تورکیی و سوریی دەبێت.
تورکیا خوازیارە لەگەڵ سوریا لە کەرتی بازرگانی، وزە و کەرتی بیناسازیی هەماهەنگی دروستبکات و رۆڵی لە بونیادنانەوەى ژێرخانی سوریا هەبێت.
یەنی شەفەق
ئەردۆغان: کۆتایی بە تیرۆر دەهێنین چونکە قەرزاری سەربازە کوژراوەکانمانین
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئامانجمان ئەوەیە تورکیایەکی بێ تیرۆر بونیاد بنێین، چونکە قەرزاری سەربازە کوژراوەکانمانین.
ئەردۆغان لە کۆبونەوەى ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئاک پارتی ئەو گوتانەى بە ئەندامانی باڵای پارتەکەى گوت. راشیگەیاند، لێرە بەدواوە هەنگاوی جیاواز و پێویست دەنێین تاکوو کۆتایی بە تیرۆر بهێنین.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
ساڵانە هەزاران کەس بەهۆی گوێنەدان بە رێنماییەکان دەمرن
ئەگەر خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکان گوێ بە رێنماییەکان بدەن و کاریان پێبکەن، دەکرێت ساڵانە هەزاران کەس لە ئەگەری مردنیان دووربخرێنەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی لەلایەن نوسینگەی ئاماری نیشتمانییەوە لەسەر ژمارەی مردنەکانی ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت 82 هەزار مردن لەو ساڵەدا روویانداوە، کە هۆکارەکەیان ئەوەیە خەڵک گوێیان بە رێنماییە تەندروستییەکان نەداوە.
ئەمە مانای وایە ئەگەر کەرتی تەندروستی بەپێی پێویست رێنمایی تەندروستی و خۆپاراستنی بدایە بە خەڵک دەکرا ژمارەیەکی زۆری ئەو مردنانە روویان نەدابا.
دەیلی مەیل
مراوییەکی شەل پەکیکەوت
تەنها بە تێپەڕبوونی 24 کاتژمێر بەسەر ئەو لێدوانەی سەرۆکوەزیراندا، کە گوتی متمانەی تەواوی بە تولیپ سیدیق هەیە، ئەم بەرپرسە دەستی لەکارکێشایەوە، ئەو پۆستەیی بەجێهێشت کە لە وەزارەتی داراییشدا هەیبوو.
تولیپ شەوی رابوردوو نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی خۆیی پێشکەش کرد
ناوبراو وەزیرێکی دژ بە گەندەڵی بوو، هاوڕێی نزیکی نزیکی ستامەریش بوو. بەڵام کە لەلایەن ستامەرەوە خرایە بەر لێپرسینەوە لەسەر ئەو کەیسانەی کە پەیوەندییان بە موڵکەکانی پوریەوە هەبوو ناچار بوو دەست لە کاربکێشێتەوە بۆئەوەی بخرێتە بەر لێپرسینەوە.
دەیلی تەلەگراف
شاژنی وێڵز چاکبووەتەوە و ئێستا باری نەخۆشیی شێرپەنجەکەی ئارامترە
کەیتی شاژنی وێڵز دوێنێ سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی کردەوە، کە لەکاتی تووشبوونی بە شێرپەنجەدا چارەسەریان بۆ کردووە. سەردانەکەی پڕ هەست و سۆز بوو، لە لێدوانێکی زۆر تایبەتدا، لەوێوە گوتی هەندێک بوژاوەتەوە. ئێستا نەخۆشییەکەیی نەماوە و چاوی لەسەر هەستانەوەیە، ناوبراو لە لێدوانەکەیدا گوتی: هەموو ئەو کەسانەی کە تووشی شێرپەنجە هاتوون دەزانن کە کاتێکیان دەوێت تا لەگەڵ ئەو بارودۆخە نوێیەی ژیانی خۆیاندا رابێن. بۆیە منیش چاوم لەوەیە بتوانم ئەم ساڵە نوێیە تێبپەڕێنم.
فاینەنشیەڵ تایمز
مەترسیی ئاگرەکە ماوە، رەشەبا رەوشەکەی خراپتر کردووە
ئەم وێنەیە هیی دوێنێیە، کەسێکی ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەی باکوری رۆژئاوای لۆس ئەنجلس چاودێریی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە دەکات. خزمەتگوزاریی کەشووهەوای نیشتمانیی ئەمریکا لێدوانێکی سەیری بڵاوکردۆتەوە، تێیدا دەڵێت بوونی رەشەبا و وشکیی کەشی ساڵەکە بارودۆخێکی مەترسیداریان دروستکردووە. ئەو ئاگرەی کە لە هەفتەی رابوردووەوە کەوتۆتەوە، هەزاران ماڵی سوتاندووە، 24 کەسیشی کوشتووە. تا دوێنێ 88 هەزار کەس ماڵ و حاڵیان نەماوە و چاوەڕێی گواستنەوە دەکەن و دەیانەوێت شوێنیان بۆ دابین بکرێت. ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانیش دەڵێن ئاوی خواردنەوەیان بەهۆی بوونی ئەو ئاگرەوە ژاراوی بووە. خواست لەسەر خانوی کرێ لە سنوری لۆس ئەنجلسدا بۆ دەهێندەی بارودۆخی ئاسایی بەرزبۆتەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
باختەر
لە ماوەی 9 مانگدا یەک ملیۆن پەیوەندی بە پۆلیسی کرماشانەوە کراوە
فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان دەڵێت، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو زیاتر لە یەک ملیۆن و 88 هەزار پەیوەندی بە پۆلیسەوە کراوە کە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی 18٪ زیادیکردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی مێهدی حاجیان بەرپرسی پۆلیسی کرماشان لەو ژمارەیەش 363 هەزار چالاکی لە لایەن پۆلیسەوە ئەنجامدراوە کە بە رێژەی 5٪ زیادی کردووە.
هەروەها 725 هەزار و 416 پەیوەندیکردن بووەتە هۆی رێنمایی و راوێژکاری بۆ خەڵک لە لایەن پۆلیسەوە.
روزگار
خولی سێیەمی دانوستانەکانی ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی بەڕێوەچوو
بریکاری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خولی سێیەمی وتووێژەکانی ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی لە جنێڤ بەڕێوەچووە کە تیایدا گفتوگۆکان راشکاوانە و بنیاتنەر بوون.
کازم غەریب ئابادی، دەشڵێت، وێڕای چوونە ناو هەندێک وردەکاری، باسمان لە دوو بابەتی لابردنی سزاکان و بەرنامەی ئەتۆمی کرد کە پێویستن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە و کەشێکی گونجاو دروستبکرێت و لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بپارێزرێت بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن.
بڕیاریشدرا کە گفتوگۆکان بەردەوام بن.
ئارمانی ئیمروز
نرخی رۆن لە ئێران هەر دێت و بەرزتر دەبێتەوە
گەرانییەکان لە ئێران بەردەوامن و ئەمجارە نرخی رۆن بەرز بووە.
ئەم گۆڕانکاریانە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی کشانەوەی کۆمپانیای دەرەکی لە ئێران و کەمبوونەوەی دابینکردنی رۆن لە بازاڕدا روویدا.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن نرخی رۆن تا 35٪ بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک بوتڵێکی پێنج کیلۆگرامی رۆن لە 240 هەزار تمەنەوە بۆ 320 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
شارەزایان پێیان وایە هەڵاوسانی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی هاوردەی کەرەستەی خاو کاریگەرییان لەسەر دۆخی بازاڕ هەبووە.
ئەبرار
ساڵانە 200 هەزار کەس بۆ تاران کۆچ دەکەن
محەممەد سادق موعتەمێدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاند، ئەم پارێزگایە زۆرترین کۆچبەری لەخۆ گرتووە لە تەواوی ئێراندا و گوتی کە ساڵانە نزیکەی 200 هەزار کەس کۆچ دەکەن بۆ تاران.
جەختی لە سەر پێویستیی پێداچوونەوە بە حوکمڕانیی تاران کردەوە و گرفتەکانی ئێستای بۆ دابەشکردنی نادادپەروەرانەی خزمەتگوزاریی و کەڵەکەبوونی کارگەکان له تاران گەڕاندەوە.
هەروەها موعتەمەدیان کێشە جۆراوجۆرەکانی تاران وەک کەمی قوتابخانە و کێشەی تەندروستی و پزیشکی و قەیرانی ئاوی باسکرد و جەختی لە سەر پێویستبوونی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت کردەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی تاران.
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
رێککەوتنێکی هاوبەشی مێژوویی نێوان عێراق و بەریتانیا
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و کییەر ستامەر، هاوتا بەریتانییەکەى، رێککەوتنێکى هاوبەشی مێژووییان واژۆکرد.
بەگوێرەى ئەو راگەیەنراوە هاوبەشەى نێوانیان، رێککەوتنە هاوبەشە فراوانەکەى نێوانیان، خۆی لە بازرگانى و هاوکاریی و هاوبەشیی ئابووری دەبینێتەوە بەگوژمەى 12.3ملیار جونەیهی ئەستەرلینى.
شەرقلئەسەت
ئاگربەستی غەزە لە پێگەیشتندایە و چاوەڕێی راگەیاندنە
هەتا درەنگانى دوێنێ شەویش بەشێوەیەکى ئەرێنى و هەنگاوى گەورە پێشەوچوون بە رێککەوتنى ئاگربەستى غەزەى نێوان بزووتنەوەى حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەچوو.
دوای تێپەڕبوونى زیاتر لە 15 مانگ لەو جەنگە، ئەگەرێکی زۆر هەیە بەم نزیکانە رێککەوتنى ئەو ئاگربەستە رابگەیەنرێت.
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی حەماسەوە بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتی راگەیاند، قۆناغی یەکەمى ئەو ئاگربەسەتە بۆ ماوەى 60 رۆژە و کشانەوەى ووردە ووردە هێزەکانى ئیسرائسیل لەخۆدەگرێت لە رێڕەوی تەنساریم و فیلادلفیا.
بەڵام سەرچاوەیەکی دیکەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتوە، درەنگانی ئێوارەی دوێنێ بزووتنەوەکە وەڵامی نێوەندگرانی نەداوەتەوە، تا کاتی لێدوانەکەی، بەهۆی رادەستنەکردنی نەخشەی کشانەوەی ئیسرائیلەوە.
عەرەب
سودانی بۆئەوە لە لەندەنە دڵنیایی بدات عێراق لە ئێران دووردەکەوێتەوە
دوێنێ سێشەممە شاچارڵسی سێیەم، پاشای بەریتانیا لە کۆشکی پاکینگهام پێشوازیی لە محەمەد شیاع سودانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ناوبراو دەیەوێت لەبارەی خۆیەوە بڵێت کە پیاوی دەوڵەتەو بەرژەوەندیی عێراقی بەلاوە گرنگە.
مەبەست لە گەشتەکەی سودانی بۆ لەندەن پتەوکردنی هاریکاریی ئابوریی و ئاسایش و بنەبڕکردنی کۆچی نایاساییە بەرەو بەریتانیا، چاودێران دەڵێن پەیامی سەرەکیی ئەم سەردانە ئەوەیە، کە عێراق بە جیهان بڵێت بە کردەوە کار لەسەر ئەوە دەکات لە سیاسەتەکانی ئێران دووربکەوێتەوە، سودانی بۆ ئەم مەبەستە ئاراستەیەکی نوێی هەیە.
مەدا
پزیشکانی نیشتەجێ لە موسڵ مانگرتنی گشتی و کراوە رادەگەیەنن
ماوەی 110 رۆژە پزیشکانی نیشتەجێ لە موسڵ بەدەست وەرنەگرتنی مووچەکانیانەوە دەناڵێنن، سەرباری ئەوەی لە 26ـی ئەیلولی رابردووەوە دەستبەکاربوون و لە رۆژێکدا 12 کاتژمێر کاردەکەن.
لە ئێستادا ئەو پزیشکانە مانگرتنی گشتی و کراوەیان راگەیاندووە، رۆژنامەی مەدا دەڵێت، ژمارەیان 466 کەس دەبێت کە دەرچووی ساڵی خوێندنی 2023ـن و هەتا ئەو کاتەی مووچەکانیان پێنەدرێت ناگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان.
نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی موسڵ بە رۆژنامەی مەدای گوتووە، مووچەکانیان مانگی یەک ملیۆن دینارە و سێ مانگ و نیوە وەریان نەگرتووە، لە کاتێکدا پزیشکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق مووچەی مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمیشیان وەرگرتووە.