زووم..
ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ رووبەرووبوونەوەی تاوانەکان رایگەیاند، بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ کەسیان دەستگیر کردووە، خەڵکیان بەقاچاخ بردووە بۆ بەریتانیا و پەیوەندییان بە تۆڕەکەی ئامانج حەسەنزادەوە هەبووە، کە نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو دادگای بەریتانیا بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزای دا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ئاژانسە بەریتانییەکە، ئەو سێ کەسەی دەستگیر کراون، خەڵکی پارێزگای سلێمانین، یەكێکیان تەمەنی 40 ساڵە و کاری وەرگرتنی پارە بووە لەو خەڵکانەی ئامانج حەسەن بردوونی بۆ بەریتانیا.
یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان کاری کۆکردنەوەی کۆچبەرەکان بووە، کەسی سێیەمیش، تەمەنی 38 ساڵە و بە بەلەم خەڵکی گەیاندووەتە ئیتاڵیا.
ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا دەشڵێ، ئەوە یەکەمجارە لەگەڵ ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ بەئامانجگرتنی قاچاخچییەکان کار بکەن. ئۆپراسیۆنەکە لەنێوان 8 بۆ 12ـی ئەم مانگە ئەنجامدراوە و چەند ئەفسەرێکیان تێیدا بەشدار بوون.