زووم..
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، ئەمڕۆ سێ کۆبوونەوەی کردووە، یەکەمیان لەگەڵ چارڵزی سێیەم، پاشای بەریتانیا، دووەمیان لەگەڵ شاندێکی کۆمپانیای وزەی ستیلەر ئینێرجی، سێیەمیشیان لەگەڵ کیەر ستامەری سەرۆکوەزیران بوو.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکانی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێ، سودانی لەگەڵ پاشا چارلزی سێیەم، هەماهەنگیی نێوان بەغداد و لەندەن و شێوازی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە و رۆشنبیری گفتوگۆ کردووە.
دواتر سودانی، چاوی بە شاندێکی کۆمپانیای وزەی ستیلەر ئینێرجی کەوتووە، شێوازی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆمپانیاکە و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایان تاوتوێ کردووە.
دەشڵێت، سودانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کیەر ستامەر باسی کاری پێکەوەییان کردووە و رێککەوتنێکی مێژوویی فراوانیان بە بڕی 15 ملیار دۆلار واژۆکردووە، رێککەوتنەکە چەند بوارێکی جیاواز و فراوان دەگرێتەوە، لەنێویاندا ئابووری، وەبەرهێنان، هەڵگرتنەوەی مین، ئاو و بەنداو، پرۆژەی ئاوی بەسرە، کارەبا، ئینەرنێتی فایف جی، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بەریتانی، بەرگری و ئاسایش، پرسی کۆچبەران و گۆڕانی کەشوهەوا.