زووم..
شاندێکی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کۆبوونەوە و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەیان تاوتوێکرد.
سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە پێکهاتبوون، لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کاری هاوبەش، پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان، تاوتوێکرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، وێڕای خستنەڕووی دوا هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گرنگیی پرۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرانەوە.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتوو، جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە کرایەوە.
لەماوەی رابردوودا زووم بڵاویکردەوە فشارەکانی هاوپەیمانان لەسەر پارتی و یەکێتی لەبارەی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە زیاتر بوون، لە دواین کۆبوونەوەشیاندا بڕیاردراوە قۆناغ بەقۆناغ هێزە حزبییەکان هەڵوەشێنەوە، لەجیاتیشیان فەرماندەیی دەڤەر دروستبکرێن و شتێک نەمێنێ بەناوی هێزی حزبییەوە، کە بەبێ فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ناتوانن هیچ جموجوڵێکی سەربازیی بکەن.