زووم..
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیای تێکشکاندووە و شەش چەکداری ئەو گروپانە کوژراون.
بەگوێرەی روانگەی سوری، شەڕ و پێکدادانی توند لەنێوان هەسەدە و گرووپەکانی هاوکاری تورکیا لە گوندی سەعیدییەی دەوروبەری بەنداوی تشرین رویداوە و لەو شەش چەکدارەی لە رووبەرووبونەوەکەدا کوژراون یەکێکیان سەرکردەی گرووپەکانە، ئەمە جگە لەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکێندراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لە بەنداوی تشرین گرووپەکان بە درۆنی خۆکوژیی هێزەکانی هەسەدەیان کردوەتە ئامانج و شەڕڤانێکی هەسەدە گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.
وەک روانگەکە ئاماژەی پێداوە، لەماوەی 34 رۆژی شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەدە و گرووپەکانی سەر بە تورکیا 279 چەکداری گرووپەکان کوژراون و 66 شەڕڤانی هەسەدە و 31 هاووڵاتی مەدەنیش گیانیان لەدەستداوە.