زووم..
بەگوێرەى ماڵپەرى بلوومبێرگ، چین بیر لە بژاردەى فرۆشتنى تیکتۆک بە ئیلۆن مەسک دەکاتەوە، لەکاتێکدا ئەگەر نەتوانێت بگاتە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتى ئەمریکا بۆئەوەى بەکارهێنانى لە ئەمریکا قەدەغە نەکرێت.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى بلوومبێرگ، بیرکردنەوە لە بژاردەى فرۆشتنى تیکتۆک بە ئیلۆن مەسک لەلایەن کۆمپانیاى بایت دانسى چینییەوە دواى ئەوە دێت، کۆمپانیاکە بۆى دەرکەوتووە کە دادوەرەکانى دادگاى باڵاى ئەمریکا بە تەواوى پشتیوانى لە قەدەغەکردنى دەکەن لە وڵاتەکە کە لە 19ى ئەم مانگە بڕیارى کۆتایى لەبارەوە دەدرێت.
لە دانیشتنی دادگادا دوو بڕیار یەکلادەکرێنەوە و کۆمپانیای بایت دانس یان دەبێت تیکتۆک بە ئەمریکا بفرۆشێت یان قەدەغە دەکرێت.
ئامبەر واریک، شرۆڤەکارى ماڵپەرى ئینڤێستینگ دەڵێت، هۆکارى قەدەغەکردنى تیکتۆک لە ئەمریکا ئەوەیە، لە وڵاتەکە 170 ملیۆن بەکارهێنەرى هەیە، حکومەتى ئەمریکاش پێیوایە چین لە رێگەى بەکارهێنەرانەوە داتا و زانیارییەکان دەبات و مەترسیى لەسەر ئاسایشى نیشتمانى وڵاتەکە دروستدەکات.
کۆمپانیاى مێتا و یوتیوب و هەموو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەى لە ئەمریکان، پاڵپشتى بڕیارى قەدەغەکردنى تیکتۆک دەکەن، لەبەرئەوەى بەهۆی ئەو بڕیارەوە ئەوان قازانج دەکەن.