زووم..
هەشت رۆژە، خۆپیشاندانى دانیشتووانی خەلەکان و گوندەکانی دژی تەواونەکردن و راگرتنی کارکردن لە رێگای رانیە – سلێمانی، خراپی دۆخی کارەبا بەردەوامە، دوو رۆژە ناحیەی بنگردیشیان هاتووەتەپاڵ.
لە رۆژی پێنجشەممەشەوە خۆپیشاندەران بە تەواوى رێگای هاتوچۆکردنیان داخستووە و بەشەو و رۆژ لەسەر شەقام دەمێننەوە و خێوەتیان هەڵداوە.
بە هەمانشێوە دانیشتووانى ناحیەى بنگرد و دۆڵى مەرگە ماوەى دوو رۆژە رێگاکەیان گرتووە و خێوەتیان هەڵداوە.
دانیشتووانی ناحیەکانی خەلەکان و بنگرد، بە زوومیان گوت، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، رێگاکە ناکەنەوە، دەشڵێن، تەنها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن حزبەکانی دەسەڵات خەڵکیان لەبیرە و بەڵێنەکانیان جێبەجێناکەن.
تەنیا رێگای هاتوچۆ لەنێوان سلێمانی- و راپەڕین و هەولێر، جگە لە کەرکوک، رێگەی کۆیەیە، ئەویش قەرەباڵغییەکى زۆری لەسەرە.
هەروەها بەهۆی داخرانی رێگاکەوە لە بازگەی دێگەڵە ئاستەنگی هاتوچۆ و قەرەباڵغی دروستبووە و بارهەڵگرێکی زۆر لەسەر رێگاکەدا وەستاون تا بچنە سنووری پارێزگای هەولێرەوە.