زووم..
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بەهۆی هاوکاریی حزبوڵاوە 13 هاووڵاتى بە 87 ملیۆن دۆلار سزادران
دادگاى تێهەڵچوونەوەى کوەیت بڕیارى سێ ساڵ زیندانى و سزاى 87 ملیۆن دۆلارى بۆ 13 هاووڵاتى دەرکرد، لەبەرئەوەى هاوکاریی دارایی حزبوڵاى لوبنانیان کردووە.
دادگاکە بڕیاری پێشوەختەى دادگاى لێکۆڵینەوەى کوەیتى رەتکردووەتەوە دەرهەقیان کە بڕیاری بێتاوانبوونیانی داوە، لەبەر ئەوەى ئەوان وەک کارى خێرخوازی پارەیان بەخشیوە.
بەگوێرەى یاساى سزادانى کوەیت بە بێ ئاگاداریی لایەنە بەرپرسەکانى دەوڵەت هیچ هاووڵاتییەک بۆی نییە هاوکاری گروپ و لایەنەکانی دەرەوەى وڵاتەکەیان بکات.
پێشتریش لە 2001 و 2003 و 2024 یش حاڵەتى لەو شێوانە هەبووە و پارە بۆ حزبوڵاى لوبنانى کۆکراوەتەوە یان لە لایەن سەرمایەدارانەوە هاوکاریی کراون، بەڵام سزاى یاساییان بۆ دەرچووە.
سەباح
600 کۆمپانیاى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی بەشداریی پێشانگای نێودەوڵەتى بەغداد دەکەن
مستەفا نزار بەڕێوەبەری گشتىی کۆمپانیاى پێشانگا و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکانى عێراق رایگەیاند ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونى 48 ـهەمین پێشانگاى نێودەوڵەتى بەغداد دەستیان پێکردووە کە بڕیارە لە رۆژى 1ـى شوباتى داهاتوو بە بەشداریکردنى 21 وڵات و 600 کۆمپانیا لە بەغداد بەڕێوەبچێت.
سەرەڕاى تۆمارکردنى ناوى ئەو وڵات و کۆمپانیایانە، هێشتا دەرفەتى بەشدارییان بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بۆ ئەوانەى لەمەودوا دەیانەوێت بەشداریی بکەن، هەردوو وڵاتى عەرەبستانى سعودییە و عومان رووبەرێکى فراوانى پێشانگاکەیان بۆ کۆمپانیاکانیان داگیرکدووە، لەدواى ئەوانیش کۆمپانیاى -راعى زەهەبی- قەتەریی.
بەشێکى زۆری پێشانگاى بەغداد پەیوەندی بە بوارى پیشەسازییەوە هەیە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانى پێشانگاکان دروستکردنى پردی پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکان و خستنەڕووى بابەتەکانیان و کردنەوەى دەرگاى بازرگانییە لەنێوان کۆمپانیاکان و بازرگاناندا و چاوەڕێش دەکرێت ئەم پێشانگایە کاریگەریی هەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونى کاریگەرییەکانى کەرتى پیشەسازیی لەسەر کەرتەکانى دیکە لە عێراق.
عەرەب
ئەمریکا پێچەوانەى خواستەکانى تورکیا هێزەکانى لە رۆژاڤا زیاتر دەکات
سەرچاوەیەک لە روانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند فرۆکەیەکى بارهەڵگری ئەمریکى لە سەربازگەی خەراب جیری گوندەواری رومێلانى سەر بە پارێزگاى حەسەکە نیشتووەتەوە و چەک و تەقەمەنى و پێداویستییە لۆجستییەکانى تێدابووە و لە ئاسمانیشەوە بەفرۆکەى دیکە چاودێریی پرۆسەکەیان کردووە، سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە پێشتریش فرۆکەى بارهەڵگر هەمان سەربازگەیان بەکارهێناوە و هاوکارییەکانیان گەیاندووەتە رۆژاڤا، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک خواستى کشانەوەى نییە لەو وڵاتە.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریکا چەند رۆژێک پێش لە ئێستا ئاماژەى بەوەکردووە هەستیان بە جموجوڵى داعش کردووە لە ناوچەکەدا و پێیان وایە بەدواى هەلێکدا دەگەڕێن بیقۆزنەوە.
پاتریک رایدەر سکرتێری رۆژنامەوانىی پەنتاگۆنیش پێشتر رایگەیاندبوو وڵاتەکەى ژمارەى سەربازەکانى بەرزکردووەتەوە بۆ دوو هەزار سەرباز.
دەستوور
برنجی بەشەخۆراکی مانگانەى 2025 گەیشتە عێراق
لەما هاشم موسەویی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک لە وەزارەتى بازرگانى عێراق رایگەیاند کەشتییەکى بارهەڵگر لە تایلەنەدەوە گەیشتووەتە بەندەرى ئوم قەسر، هەڵگری 42 هەزار تۆن برنجى تایبەتە بە بەشە خۆراکی ساڵى 2025ـى هاووڵاتییانى عێراق.
دەستیانکردووە بە پشکینین تا بزانن کوالیتییەکەى لەچ ئاستێکدایە و بۆ خواردن شیاوە یان نا، گوتیشى بۆ ئەو مەبەستە نمونەیان ناردووە بۆ تاقیگەى ناوەندی لە بەغداد ، ئەسیر داود غەریر وەزیری بازرگانى عێراقیش رایگەیاندووە چاوەڕاونى بەشەئاردی ساڵی نوێن بگاتە کۆگاکانیان و لە ئەمڕۆشەوە دەرگاى بریکارانەکان دەکرێنەوە بۆ وەرگرتنى یەکەم بەشە خۆراکى ساڵی نوێى هاووڵاتییان.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان

دەیلی تەلەگراف
ئەگەر بارمتەکان ئازادبکرێن ئیسرائیل لە غەزە دەکشێتەوە
ئیسرائیل دەیەوێت سوپا و سەربازەکانی لە غەزە بکشێنێتەوە، ئەگەر بتوانن لەگەڵ حەماسدا بگەن بە رێکەوتنێک و ئاگربەست رابگەیەندرێت.
لەپاشئەوەی لە قەتەر گفتوگۆ لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شەڕەکەوەهاتەئاراوە، ئێستا ئومێدێک هەیە رێکەوتنێک بۆکۆتاییهێنان بەم شەڕە بخەمڵێت.
سەرۆکوەزیرانی قەتەر، ئاژانسی هەواڵگریی ئیسرائیل و نێردەی دۆناڵد ترەمپ، ئەو لایەنانەن گفتوگۆکان دەکەن.
ئیسرائیل لە پێش ئەم گفتوگۆیانەوە هەرگیز ملی بەوەنەداوە، کە سوپاکەیان لە کەرتی غەزە بکشێننەوە، بەڵام بەرپرسەکانیان ئەمجارە دەڵێن ئەگەر حەماس ئامادەبێت هەموو بارمتەکان ئازادبکات، ئەوانیش دەکشێنەوە.
تایمز
وەزیری دارایی تا هەڵبژاردنی داهاتوو لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە
ریفۆرمخوازەکان و کۆمەڵێک رەخنەگری سەر بە پارتی پارێزگاران پێداگریی دەکەن لەوەی دەبێت ڕەیچڵ ریڤز لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، بەڵام سێر کێیە ستامەر سوورە لەسەرئەوەی ئەو خانمە لە پۆستەکەیدا بهێڵێتەوە، تا ئەودەمەی هەڵبژاردنێکی نوێ لە وڵاتەکەدا ئەنجامدەدرێت.
ریڤز گەشتەکەی بۆ چین کۆتاییپێهێناوە، گەڕاوەتەوە بەریتانیا، بەڵام هەر لەنێو پارتی کرێکارانەوە خەڵکێک هەن رەخنەی لێدەگرن، چونکە بەهۆی سەردانەکەی ئەوەوە بۆ چین قەرزی سەر وڵاتەکە زۆرتر بوو بەهای پاوەندی بەریتانییش لەبەرامبەری دۆلاردا دابەزی.
گاردیەن
ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایل جێی حەبی رێگری لە سکپڕی دەگرنەوە
ئەو ئەپڵیکەیشنانە زۆربوون، کە رێنمایی لەبارەی سکپڕبوون و نەبوونییەوە دەدەن، ژنانی ئینگلتەرا و وێڵزیش زۆر بەکاریاندەهێنن، وازیان لە حەبەکانی رێگری هێناوە، بەڵام کاری ئەو بەرنامانە زۆر مسۆگەرنین، بۆیە سکپڕبوونی بێ بەرنامە زۆر روودەدات.
چەند لێکۆڵەرێک لە توێژینەوەیەکیاندا تیشکیان خستووەتە سەر ئەم کێشەیە، چاودێریی تێکڕاکانی سکپڕبوونی پێنج ساڵی رابوردوویان کردووە، دەڵێن لە ئەو ماوەیەدا کە توێژینەوەکە کاری لەسەر کردووە خەڵک پشتیان بە بەکارهێنانی حەب و دەرزی بەستووە، بەڵام زۆریان نەگەیشتوون بەو ئەنجامانەی خۆیان دەیانەوێت.
زانایان دەڵێن دەبێت توێژینەوەی زیاتر بکەن بۆئەوەی لە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە تێبگەن، چونکە تێکڕاکانی لەباربردن و وازهێنان لە چارەسەری حەب و دەرزی، کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی دایکەکان دەبێت.
مۆرنینگ ستار
کرێکارەکان مەگۆڕنەوە بە ژیریی دەستکرد
هۆشداریی بە ستامەر درا لەوەی نابێت بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەسەر شانی کرێکاران بێت
سەندیکاکانی کرێکاران دەڵێن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەوڵدەدات وڵاتەکەی بکات بە هێزێکی مەزن لە بەکارهێنان و کارپێکردنی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرددا، بەڵام ئەگەر بەرنامەیەک نەبێت بۆ چۆنێتیی سوودلێووەرگرتنەکە، ئەوا رەوشی کرێکاران بەرەو خراپتر دەبات.
بە ستامەر گوترا، نابێت بۆ رزگارکردن و تێپەڕاندنی پلانە ئابووری و پیشەسازییەکانی خۆی کاروباری وڵاتەکە بداتە دەستی بارۆنەکانی ناو کایەی تەکنەلۆژیاوە.
ستامەر نمونەی لەسەر ئەوە هێنابووەوە، کە ژیریی دەستکرد دەتوانێت هاوکاریی مامۆستایان بکات، سەرەگرتن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی تەندروستی کورت بکاتەوە، شوێنەوار زوو بدۆزرێتەوە، بەڵام کە قسە بێتە سەر باسی گەشەکردن دەبێت بزانین چ شتێک زۆر کاریگەر دەبێت. دەکرێت پەیدابوونی ژیریی دەستکرد زیان بە کرێکاران بگەیەنێت. بێکاریان بکات.
رۆژنامە تورکییەکان

سەباح
پشتگیرییەکی گەورە بۆ ئەوانەی خێزان دروستدەکەن
لەدرێژەی پشتگیرییەکانی بۆ باشترکردنی رەوشی کۆمەڵایەتی لە تورکیا، ئەردۆغان مژدەییەکی دایە دایبابان، ئەوانەی بەنیازن رۆڵەکانیان بخەنە نێو ژیانی هاوسەرگیرییەوە.
مژدەکە خۆی لە پێدانی قەرزی بێ سو دەگرێتەوە، وای دوو ساڵ دەست دەکەن بە دانەوەی، بڕەکەی 150 هەزار لیرەیە، بە 48 مانگ دەتوانن بیدەنەوە، هاوکات یارمەتی بۆ ئەوانەی یەکەم منداڵیان دەبێت 5 هەزار لیرە وەک یارمەتی دەدرێتە خێزانەکان بۆ منداڵی دووهەم، مانگانە 1500 لیرەی بۆ زیاد دەکرێت.
جمهوریەت
ئۆپراسیۆن بۆسەر جەهەپە لە بێشکتاش
بە تۆمەتی لێپێچینەوە لە گەندەڵی، سەرۆکی شارەوانییەکی جەهەپە بە ناوی رەزا ئاکپۆلاتەوە لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستگیر کرا.
ئەمە لەکاتێکدایە وەک کارێکی دەسەڵاتی کۆشک لێکدەدرێتەوە و بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی 2028.
زۆرێک پێیانوایە کۆشکی کۆماری بەنیازی بەلارێدابردنی رۆژەڤە.
قەرار
جێی باوەڕ نییە لە ساڵێکدا نرخەکان چوار هێندە و زیادبکەن
لەکاتێکدا بۆ فەرمانبەر لەسەدا 11 و خانەنشینانیش لەسەدا 15 موچەکانیان زیاد بوو، بەڵام تێپەڕین بە رێگا و پردەکان سەداسەد زیادبوون.
لە 2023 دا پەڕینەوە بە پردەکان 8 لیرە بووە، ئێستا بووەتە 47 لەکاتێکدا هاتن و چون گەیشتووەتە 94 لیرە.
یەنیچاغ
بە یەک ئۆپراسیۆن رۆژەڤی وڵاتیان گۆڕی
لەکاتێکدا کرێکار و فەرمانبەر و خانەنشینان لەسەر شەقام بوون لە دژی ئەو مووچە کەمەی بۆیان زیاد کراوە، ئەوان داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەسەڵاتیان دەکرد، هاتن و لە بەرەبەیانێکدا ئۆپەراسیۆنێکیان لەژێر ناوی بەرەنگاری گەندەڵیدا ئەنجام دا بۆسەر شارەوانیەکی جەهەپە .