نەخشەى پانتایی ڕۆشنبیرى
(ئاوڕێکى کورت لە پرسى ئاکار)
وەلید عومەر
(١)
یەک لەو پرسیارانەى کە یەخەى هەر ڕۆشنبیرییەکى مۆدێرن بگرێت، پرسیارى «ئاکار»ـە. ئەوەى کە ڕۆشنبیر چۆن بجووڵێتەوە و چۆن بدوێت و چۆن ڕەخنەبگرێت. بە مانایەکى تر: “چۆنیەتیی مامەڵەکردن”. ڕەنگە ئەم پرسە سەرەتا وەک پرسێکى سادە و تەنانەت دوور لە کایەى ڕۆشنبیرى دەربکەوێت، بەڵام لەبەر چەندین هۆ تێدەگەین پرسێکى گرنگە و پەیوەندییەکى ئۆرگانیی بە دونیاى ڕۆشنبیرییەوە هەیە. بەتایبەت دواى کاریگەریی کۆمەڵێک گوتارى مۆدێرن، وشەى ئاکار زرینگانەوەیەکى نەرێنیی پەیداکردووە. لاى کەمییەکەى، چەند خاڵێک هەن پاڵپشتیی ئەم بۆچوونەمان دەکەن کە پرسەکە لەوە جدییترە کە دەردەکەوێت، لەوانە:
یەکەم، کایەى ڕۆشنبیریی مۆدێرن، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگاگەلى وەک ئێمە، جۆرێک بۆشایی دەخوڵقێنێت کە پێویستى بە تێگەیشتن و داڕشتنەوەى ئاکاریشە.
دووەم، ئاکار پرسێکى کۆنەپارێزانە نیە، بەڵکو هێجگار تیۆرى و ئاڵۆزیشە.
سێیەم، بەتەنیا گرنگ نیە مرۆڤ چى دەڵێت، گرنگیشە چۆن دەیڵێت. ئەمەش ڕیشەیەکى درێژى لەناو کەلتورى مرۆییدا هەیە.
چوارەم، گۆڕینى خودى “ڕەخنە” بۆ پرسێکى “ناڕەخنەیی”.
دەتوانین هەریەکە لەو خاڵانەى سەرەوە، ڕابکێشین و کەمێک لە بارە تیۆرییەکەیان بخەینەڕوو.
– دەشێت کۆمەڵگاکان کتوپڕ بکەونە ناو زەمەنى مۆدێرنەوە، بەڵام کاتێکى زۆرتریان دەوێت لە هەموو خانە و بەشەکانى خۆیاندا هەست بە مۆدێرنبوون بکەن. لەنێوان ئەم دوو چرکەیەدا، قۆناغێکى پڕ لە قەیران هەیە. کۆن و نوێ دەچنە گەمەیەکى پێچەڵپێچەوە کە فۆرم و ناوەڕۆکى یەکتر تووشى تەنگژە دەکەن. ساتى بەرەوپێشچوون و پاشەکشە، بەشێکە لەو قۆناغە. لەوانەش گرنگتر، کە بۆ پانتایی ڕۆشنبیرى ڕوودەدات، بۆشاییەکى ئینتیقالی (پەڕینەوە)یە کە ڕوون نیە چەند دەخایەنێت. ئەم بۆشاییە ڕاگوزەرە، بۆ زەینى ڕۆشنبیر، بۆشاییەکى چەمکایەتییشە. چەمکە کۆنەکان ئارامیی دێرینی خۆیان لەدەستدەدەن، بەڵام زۆرجار وایش دەردەکەوێت کە هێشتا ئامادەییان هەیە. قۆناغێکە سیستەمێکى مانایی لە ناوەوە دەپوکێتەوە، بەڵام ڕەنگە سیستەمێکى جێگرەوە بەو ئاسانییە جێى نەگرێتەوە و کۆنەکەش هەر پێداگرى بنوێنێت لەوەى چۆن بووە هەروا بێت. بەڵام لە ڕووى ئاکارییەوە، ئەم بۆشاییەى نێوان نەریت و مۆدێرنە، بەشى خۆى سەرنجڕاکێشە. ڕۆشنبیر، یان هەر بکەرێکى ترى لەو جۆرە، دەکەوێتە ناو بۆشاییەکیشەوە کە پێوەرى مامەڵەى دەلەقێت. ڕۆشنبیر هەم خۆى بکەرێکى نوێیە و بگرە زادەى ئەم بۆشاییەى نێوان نەریت و مۆدێرنەیە، هەم خەسڵەتە مرۆییەکانیشى لەم بۆشاییەوە بیچمدەگرن. پرسیارە سادەکە ئەوەیە ئاخۆ مرۆى ڕۆشنبیر کاتێک لە بەهاکانى نەریت دەترازێت، چ بەهایەکى مۆدێرن جێیان دەگرێتەوە؟ ئاخۆ هێزى خۆى لە نەریتەوە وەردەگرێت یان مۆدێرن؟ ئاخۆ ئاکارێکى هاوبەش و درێژخایەن هەیە لە نەریت و مۆدێرنیشدا بۆ ڕۆشنبیر بشێت و بتوانێت پیادەیان بکات؟ بۆ کۆمەڵگایەکى وەک ئێمە و ڕۆشنبیرییەکەى، وەڵامى ئەم پرسیارانە هێند ئاسان نیە یەکاندەردوو وەڵامیانبدەینەوە. هێند هەیە هەست بە گرنگیی ئەو پرسیارانە دەکرێت. بەتایبەتیش کە پرسێکى وەک ڕەخنە دێتەئاراوە، گرنگییەکەى بەتەواوى دەردەکەوێت. چونکە “ڕەخنە” دال یان وشەیەکى فراوانە و دەکرێت بە زۆر ئاقاردا ببرێت کە هەڵینەگرێت. لە واقیعى کۆمەڵگاکانى وەک ئێمەدا، ڕەهەندى وەک خراپە، بەئاسانى لەژێر ناوى ڕەخنەدا جێى دەبێتەوە. کەلتورى مۆدێرن بەجۆرێک ڕەخنەى لە دونیاى کلاسیکەوە گواستووەتەوە کە تیژتر و ڕادیکاڵتر بێت لە ڕەتکردنەوە پێشمۆدرن و کلاسیکەکان، بەڵام هاوکات پەیوەندییشى بە تاکەکەس و دەروونناسیی تاکەوە بپچڕێنێت و هەوڵبدات ساردتر و بابەتییانە ئیشى خۆى بکات. دیارە ئەم بۆشاییەى کە لەقبوونى نەریت درووستیکردووە، نەک هەر بۆ بکەرێکى وەک ڕۆشنبیر، بەڵکو بۆ مرۆڤە ئاساییەکانیش جۆرێک بۆشایی ئاکاریی خوڵقاندووە. ئەوەشى لە کۆندا بە پێوەرى ئاکارى دادەنرا، وەرگەڕاوەتە سەر جۆرێک دەمارگیرى (لە فەزا دینییەکەدا ئەمە ڕوونتر بەدیدەکرێت). هەتا سەیر نەبێت بە لامانەوە کە دەمارگیریی خەڵکانى نادینییش، خاڵى نیە لەم بۆشاییەى نەریت و مۆدێرنە. بۆشاییەکە وەک ڕاستییەکى گشتگیر بەناو شانە و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا دەسوڕێتەوە و چەندین پارادۆکسى زەقى لە ڕەفتارى پیشەیی و تەنانەت ناپیشەیی خەڵکەکەشدا خوڵقاندووە. کەواتە پرسیارى ئەوەى چۆن مامەڵە بکرێت لەناو قۆناغێکى وادا، خۆى بەبنەڕەت پرسیارێکى فیکرى و ڕۆشنبیرانەیە تا ئاکارى. ئاکار خۆیشى لە مۆدێرنەدا وەردەگەڕێت بۆ پرسێکى فیکرى، عەقڵى، ڕەخنەیی، و ڕێکخراو. لەم بۆشاییە بەڕواڵەت ئینتیقالییەدا، بەشى زۆرى ئەو یاسا نەنوسراوانەى پێشووش دەلەقن کە کاروبارى مرۆى نەریتیی ڕێکدەخست. بەکورتى، ئاوڕدانەوە لە ئاکارى ڕۆشنبیرى، ئاوڕێکى کۆنەپارێزانە نیە بەڵکو ڕۆشنگەرانەیە. لاى ئیمانوێل کانت، کە فەیلەسوفێکى مۆدێرن و ڕۆشنگەرە، بەشێکى گرنگى فەلسەفەکەى تەرخانە بۆ داڕشتنەوەى ئاکارى مۆدێرن (لەژێر ناوى عەقڵى پراکتیکى دا). بە مانایەکى تر، فەرامۆشکردنى پرسى ئاکار، کۆنەپارێزییە تا ئاوڕدانەوە و شیکردنەوەى. لە مۆدێرنەدا، کۆنەپارێزى ئەو مانایە وەردەگرێت کە شتێک بهێڵینەوە و نەیخەینە ژێر شیکارییەوە.
خاڵى دەسپێکى شیکارییەکە، گومانێکى ڕیشەییە لەوەى ئاخۆ کۆى کۆمەڵگاکە، بێ لە تێڕوانینە سرووشتى و ساکارەکە بۆ ئاکار، هیچ تێڕوانینێکى زەمینى و سیاسى و یاسایی هەیە لەسەر ئاکار؟ چونکە نەبوونى سەروەریی سیاسى و یاسایی، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاکارى مۆدێرنیش هەیە. مانەوەى ئاکارى پێشمۆدێرن لەناو مۆدێرنەدا بەو پچڕپچڕییە، قەیران بۆ بنیاتنانى هەر ئاکارێکى مۆدێرنیش درووستدەکات. هەر ئەوەى کە فەزایەکى بابەتى و بێلایەن لە کایەکاندا درووستنابێت، خۆى بە هێڵێکدا دەچێتەوە سەر نەڕسکانى ئاکارێکى تەواو مۆدێرن لە خانەکانى کۆمەلگادا. نەبوونى ستانداردێکى جێگیر، دەرخەرى پەیوەندییەکى ناجێگیرى ئێمەیە بە ئاکارى مۆدێرنەوە. بەجۆرێک کە جار هەیە سەردەکێشێت بۆ هیستریایەکى کۆمەڵایەتى لە چەشنى: ڕواڵەتپارێزى لە ئاکارى مۆدێرندا کە لە ناوەوە پڕە لە ناکۆکى و هەرسنەبوون و ڕەتکردنەوەى توند؛ یاخۆ لە فۆرمدا شتێک قبوڵدەکەین بەڵام لە ناوەڕۆکدا شوناسە ڕاستەقینەکەى خۆمانمان لەولاوە داناوە. ئەم کەلێنە، لە زۆربەى بوارەکاندا، جۆرێک هیستریاى شاراوەى چاندووە کە لە کاتوساتى جیاوازدا خۆى دەردەخات. ئەو کاتەى بۆ ئاساییکردنەوەى ئەم کەلێنە و ڕێکخستنى پێویستە، لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى تر گۆڕانى بەسەردا دێت. ئەوەى ڕوونە، کەلێنەکە بۆ ئێمە لەوە ناڕوونترە کە پێمانوایە. هێشتا قەبارە و گوژم و سرووشتى کۆى هیستریاکە ڕۆشن نیە. شتێک لە دەرەوە دێت و شتێک لە ناوەوە کرژدەبێت، بەڵام هەردووکیشیان لەڕواڵەتدا ماوەیەک پێکەوە هەڵدەکەن. بەڵام تێناگەین لە کۆتاسنوردا ئەو دوو دیاردەیە چییان لێ هاتووە. ئەمە بۆ هەموو پرسە ئاکارییەکان درووستە و هێشتا وێنەیەکى ڕوونمان لەسەر پەیوەندیی ئاکارى مۆدێرن و پێشمۆدێرن لە کۆمەڵگاکەدا نیە و پاشانیش چۆنچۆنى لە کایەکاندا ڕەنگدەدەنەوە.
لەپاڵ ئەم ڕستانەدا، خراپ نیە ئاماژە بۆ ئەو ئاکارە سەپێنراوە بکەین کە ئەمڕۆ لە میدیا و سۆشیاڵمیدیا (فەزاى مەجازى)یەوە بانگەشەى بۆ دەکرێت و کۆڕ و بەرنامەشى بۆ سازدەکرێت. بگرە بووەتە کاسپیی خەڵکێکى زۆر بێ ئەوەى خۆیان وەک بەرپرسیار ببینن بەرامبەر کۆمەڵگاکە. لەم دۆخەدا، گوتارێکى مەیلەو فەردانى لە برەودایە کە تاک هاندەدات باکى بە ئەویتر نەبێت، بەس هەلى خۆى بناسێت، پشتیش بە کەس نەبەستێت. ڕەنگە بتوانین بە کەمێک بێدیقەتییەوە ئەمە ناوبنێین «سوپەرئیگۆى گەشەپێدان». دیارە سوپەرئیگۆ، بریکارى دیاریکردنى باش و خراپ، یاخۆ “بکە” و “مەکە”یە لەناو کۆمەڵگادا و دواییش لەناو دەروونى مرۆڤدا جێى خۆى خۆشدەکات و دەرەوە دەباتە ناو دەروونەوە. سوپەرئیگۆ بەپێى ئەزموونى مرۆڤ، شتێکى بونیادییە و ناتوانین بیسڕینەوە؛ چونکە کۆمەڵگا بێ کۆمەڵێک نەهى و قەدەغەکارى ناژى. بەڵام ئاخۆ پەرە بە چ سوپەرئیگۆیەکیش دەدرێت، خۆى پرسە گرنگەکەیە. سوپەرئیگۆى “گەشەپێدانى مرۆیی”، لە زۆر حاڵەتدا هەمان سوپەرئیگۆى سەرمایەدارییە: ئەم سوپەرئیگۆیە فەرمانت پێ دەکات بڕوات بەویتر نەبێت، متمانە نەکەیت، ئەویتر ئەمە کێشەکانێتى و هتد. لەکاتێکدا کەلتور و شارستانییەت، بەم فۆرمە کۆمەڵگایەى ئەمڕۆشەوە، پێویستى بە ئەویتر/ئەوانیترە. لە بۆشاییەکى ئینتیقالیی لەم شێوەیەدا، ئەمە تیمارى دەردى کۆمەڵگاى ئێمە ناکات. بگرە ڕەشبینى و گومانڕەشیی زیاتر بڵاودەکاتەوە، ئەویش لە کۆمەڵگایەکدا کە ئاکارە کۆنەکە نەڕووخێنراوە و ئاسۆى نوێ نەکراوەتەوە.
(٢)
کەلتور و شارستانییەتى مرۆیی، بە “گەشەى سرووشتی”ـی خۆیدا هاتووە. لە میانى ڕسکان و پەرەسەندنیدا، کۆمەڵێک پێوەرى پێکەوەناوە کە وەک ڕێساى لێ هاتووە. ئەم دیدە مەیلەو پەرەسەندنگەرایە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەلتور بە قۆناغى جیاجیادا هاتووە، هەر قۆناغێک کاتى خۆى بڕیوە، هەر ئەزموونێکیش پێویستى بە هەرسکردن و ناوەکیکردنەوە بووە، و لەکۆتاییشدا ئەو پێوەرانە بوونەتە بەشێک لە زاکیرە (یادگە)ـى مرۆڤ و مرۆڤایەتى. کەلتورى مرۆیی، ئەم زاکیرەیە لەڕێى زمانەوە نەوە-بە-نەوە دەگوازێتەوە. بۆیە زمان، هەڵگر و کۆکەرەوەى ئەم ڕێسایانەیە. ئەو زمانەى ئەمڕۆ مرۆڤ بەکاریدەهێنێت، ئەو پێوەرە درێژخایەنانەى کەلتور و شارستانییەتى لە هەناوى خۆیدا جێگیرکردووە.
ئاشکرایە هەردوو سەردەمى مۆدێرن و پێشمۆدێرنیش، بەشێکن لە کەلتور و شارستانییەت. لە هەر قۆناغێکدا، بە جیاوازییەکانیانەوە، کەلتور هەر لە پەیوەندییدا بووە بە زمانەوە. زمان هەڵگرى کەلتورە، لەوەش پتر، خۆى بەرجەستەبوونى کەلتورە بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە. لەڕێى زمانەوە، نەوەکان ناچار نین لە سفرەوە دەست پێ بکەنەوە. لە مۆدێرنەدا، کەلتور هەم کۆمەڵێک سانسۆر دەخاتە سەر زمان؛ هەم کۆمەڵێک ئازادیی نوێش لە زماندا دەکاتەوە. هەڵبەت ئەم گۆڕانکارییە، بەرهەمى ئەوەیە کە کەلتورى مرۆیی بازێکى نەوعى (چۆنایەتى) دەدات و ڕەهەندەکانى ژیانى مرۆڤ نوێدەکاتەوە. بەڵام وێڕاى ئەمانەش، کەلتور لە چوارچێوە ئۆنتۆلۆژییەکەى خۆیدا دەمێنێتەوە، واتە
جارێکیان ئایدیایەکم لاى نیچە خوێندەوە کە لێرەدا ناتوانم دەقادەق بینوسمەوە، بەڵام کرۆکەکەیم بیرماوە باسى ئەوە دەکات کێشەى گەورەى مرۆڤ چۆنیەتییە نەک چیەتى. واتە ئامراز و میدیۆم و هەلومەرجى گەیاندنى شتێک، بەشێکى گەورەى پەیامەکەشە. بە واتایەکى تر، فۆرمى ئەو شتەى کە بڕیارە بگەیەنرێت، کاریگەرییەکى زۆرى لەسەر ناوەڕۆکەکەش هەیە و بگرە پێشوەختە بەشێکە لە ناوەڕۆکەکەش. بۆ نمونە، لە کۆمەڵگاى کوردى دا، فۆرمى نزیکایەتیی دوو مرۆڤ، بەتەواوى کۆى ناوەڕۆکى کۆمەڵایەتیی ئەو دوو کەسەش دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. یان چۆنیەتیی دەربڕین لە ژیانى کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکاندا بەگشتى، کاردەکاتە سەر ئەو ناوەڕۆکەى کە قسەکەرەکە دەیەوێت بیگەیەنێت. هەتا کورد لە ئەزموونى پێشینانى خۆیدا وتوویەتى «مار بە قسەى خۆش لە کون دێتەدەر.» «قسەى خۆش» لەم ئیدیۆمەدا، فۆرمێکە بۆ گەیاندنى ناوەڕۆکێکى وەک مامەڵەى مار. ئەم هاوکێشەیە دەریدەخات کە زمان (فۆرم) دەتوانێت کەشێکى لەبارتر بۆ ناوەڕۆک بڕەخسێنێت. پرسى فۆرم و ناوەڕۆک، خۆى هێند بەیەکدا دەچن کە لە جێیەکدا هەڵدەئاوسن و دووانەى خۆیان تێدەپەڕێنن و کەش یان «هەلومەرج» پێکدەهێنن. کەش سەرووترە لە ئامراز یان ئامانج بەتەنیا. دیسان لێرەدا تێدەگەینەوە کە زمان ئامرازێکى ڕووتى گەیاندن نیە، بەڵکو گوژم و چۆنیەتى و قەبارەى ئامانجەکەش دیاریدەکات. هەتا بڕى ئەو توندوتیژییە کەلتورییەش دیاریدەکات کە ناوەڕۆکەکە هەڵیدەگرێت. کەم نین ئەو نمونانەى کە تێیدا دەبینین نەک هەر مرۆڤ زمان دەردەبڕێت، بەڵکو زمانیش مرۆڤ دەردەبڕێت. لە کۆتا سنوردا، ئەم پرسە دەگات بە هاوکێشەى “مرۆڤ بەرهەمى بونیادێکى وەک زمانە”.
لە پەیوەندییدا بە کایەى ڕۆشنبیرییەوە، ئەم ڕێسایە هەم ساکارە و هەمیشە وەک خۆى پیادەنابێت. ئەو پەندە، کە دیوێکى دەرەبەگانەى هەیە و سەر بە دەروونناسییەکى سادەیە، بۆ پانتایی ڕۆشنبیریی مۆدێرن تەواو کارا نیە. ژیانى ڕۆشنبیرى، لە ژیانى کۆمەڵایەتی بڕیک جیاوازترە. بەڵام لە چەند حاڵەتێکیشدا هەردوو ژیانەکە یەکدى دەبڕن و دەتوانن کاربکەنە سەر پانتایی یەکتر. باسەکە لەم بەرکەوتن و یەکتر بڕینانەدایە. ئاکارى کۆمەڵایەتى، بڕێک ڕوونتر و کۆنکرێتییترە تا ئاکارى دونیاى ڕۆشنبیرى. هۆیەکەش دەگەڕێتەوە بۆ “هۆکارى وجودى”ـى هەریەکەیان. واتە ئەوەى کە هەریەکەیان چۆن هەن و بۆچى هەن. پانتایی ڕۆشنبیرى، تێکڕا دونیا کۆمەڵایەتییەکە بەرەو مەجازیبوونەوە یان وردتر بیڵێین ئەبستراکتکردنەوە دەبات. لەوەش ڕوونتر، سیمبوڵیی دەکاتەوە. پێگەى نوسەرێک سیمبوڵییترە وەک لە پێگەى مرۆڤێکى ناو کۆمەڵگا. لەم پەڕینەوەیەدا لە کۆمەڵگاوە بۆ ڕۆشنبیرى، زۆر شت گۆڕانیان بەسەردا دێت. هەر شتێک، دووجا و زیاتریش دەبێتەوە. گوژم و بارستاییەکەى، چیدى بە گوژم و بارستایی کۆمەڵایەتیی ڕووت ناپێورێت. ڕەنگە لێرەشەوە بێت کە پرسى ئاکار، پرەنسیپ، هەستە پاتۆلۆژییەکان، بارى دەروونى، و هتد گۆڕانیان بەسەردا دێت. هەتا پێوەرە کەلتورییەکان، بۆ مرۆیەکى ئاساییتر و نوسەرێک گۆڕانى بەسەردا دێت. نوسەرێک، نوێنەرى چەندین دەنگى ئاساییترە. سیمبوڵیبوونەوە و ئەبستراکتبوونەوەى چەندین دەنگى دیکەى کۆمەڵایەتییە. ئەمەش وادەکات هەر ڕووداوێکى ناو کایەى ڕۆشنبیرى، دەقاودەق هاوتایەکى لە پانتاییە کۆمەڵایەتییە ڕۆژانەییەکەدا نەبێت. ئەمە ئەو کەلێنە ناچارییەیە کە سرووشتى کۆمەڵگا لەخۆیدا هەڵیگرتووە. شتەکە فەرزکردنى توێژێک نیە بەسەر توێژێکى تردا، بەڵکو تۆپیک و شوێنناسییەکى ناچارییە کە کۆمەڵگاى لەسەر ڕسکاوە و بەهانەى وجودیی هەر کایە و پانتاییەکى لەویتر پێ جیاکردووەتەوە. وێڕاى ئەمەش، پرسى ئاکار لە هەموو کایە و خانەکانى کۆمەڵگادا هە پرسە. ئەوەى گۆڕانى بەسەردا دێت تەوقیت و گوژم و ماناکەیەتى. شتانێک لە کۆمەڵگادا باجێکى توندى ئاکارییان لەسەرە، بەڵام لە کایەى ڕۆشنبیرییدا چەند هەنگاوێک خاوتر دەبنەوە. یان بەپێچەوانەوە شتانێک لە کۆمەڵگادا ئاسانتر تێدەپەڕن، بەڵام لەو پانتاییانەى تردا شوێنەوارى ترى دەبێت. گەر بشچینەوە سەر باسەکە، پرسیار بۆ دۆخى ئێمە ئەوەیە چۆنچۆنى لە ڕۆڵى ئاکار لەو ڕووبەرە جیاجیانەدا تێبگەین؟ بەتایبەت لە بەرکەوتنى دونیاى نەریت ومۆدێرندا کە زۆرجار هەست بە کۆلاژێکى زەمەنیی نایەکانگیر دەکرێت و کۆن و نوێ بەجۆرێک بەیەکدا دەچن کە فەزاکە تەڵخببێت. یان چۆن ئاکار ببەسترێت بە عەقڵى مۆدێرنەوە و دواى ئەوەش فەزاى شەخسى لە فەزاى بابەتى جیابکرێتەوە. جیانەبوونەوەى ئەم دوو فەزایە لە کارى ڕۆشنبیرى دا، با لە قووڵاییدا نزیکایەتیشیان هەبێت، کەچى دەتوانێت ڕێ لە گەشەى ڕۆشنبیرى بگرێت. زۆرجار بەشێوەیەکى کتوپچڕ شتێک دێتەوەیەک و دەیەوێت بڕسکێت، بەڵام دیسان لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە.
(٣)
ڕەخنە، بەم فۆرمەى ئەمڕۆ، چەمکێکى تەواو مۆدێرنە. هۆکارى وجودیى پشت چەمکەکەش، ئەوەى کە ڕەخنە بۆ هەیە، دیسان پەیوەندیی بە سەردەمى مۆدێرنەوە هەیە. لە سەردەمى مۆدێرندا، هەموو شتێک کۆتاییەکى ئاوەڵاى هەیە، مێژوو کراوەتەوە بەڕووى هەموو ئەگەرێکدا، دیاردەکان ڕێکەوتێتى و هەڵکەوتێتیی خۆیان قبوڵدەکەن و هتد. مۆدێرنە خۆى دانانى کۆتاییەکى ئاوەڵاشە بۆ نەریت و دونیاى پێشمۆدێرن. وەک دەوترێت، نەفى لە بن هەموو شتێکدا لانەدەکات و پێشمەرجى هەموو شتێکیشە. ئەم نەفییە خۆنشینە بەردەوامەش، ڕۆڵى لەو نیهیلیزمەدا هەیە کە دونیاى مۆدێرنى پێ دەناسرێتەوە، نیهیلیزم بە واتاى نەرێنى و نەزۆک نا، بەڵکو بە واتاى گەشە و ئەفراندنى نەبڕاوە. بەم پێیە، ڕەخنە دیاردەیەکى نیهیلیستانەیە. بێ لەمەش هیچ چارێکى ترى نیە. لێرەشەوەیە دەگەین بەو ڕاستییەى کە هەموو شتێکى ناو دونیاى مۆدێرن، نەفییەکەى، یان ڕەخنەکەى خۆیشى هەڵگرتووە. بەڵام دیسان هەر لێرەشدایە کە ئەرکى ڕەخنە لەوە قورسترە کە دەردەکەوێت: ڕەخنە نەفییەکى ئەبستراکت نیە، چالاکییەک نیە لە دەرەوەى دەقەوە ڕووبدات؛ بەڵکو نەفییەکى کۆنکرێتییە و بە هەناوى دەقدا تێدەپەڕێت و دەشێت لە یەک کاتدا سێکوچکەیەکى پێکەوەبەستراوى وەک تێگەیشتن/کەشف/بەرهەمهێنانەوە ئەنجامبدات. ڕەخنە بە واتاى ڕەتکردنەوەى پێشوەختە نایەت، بەڵکو شتێکە لەکۆتاییدا و پاش تێپەڕین بە دەقدا دەبێتە ڕەخنە. هەتا گەر ڕەتکردنەوەش بێت، ڕەتکردنەوەیەکى پاشوەختە نەک پێشوەخت. دەبێت لە کۆیەتیی دەق تێبگات، پاشان سنورى خۆى بەو کۆیەتییەوە دیاریبکات. ڕەخنە تا دزە نەکاتە ناو کۆى دەقەوە، ڕەخنە نیە. کۆیەتى و “گشت”ـى دەق، هەم عەقڵى ڕەخنەیی کۆمەڵگایەک دەستنیشاندەکات، هەم ئاکارى ڕەخنەییش. پێدەچێت ئەم دوو ڕەهەندەش لە مۆدێرنەدا بەجۆرێک پێکداچووبن کە جیانەکرێنەوە. چونکە مۆدێرن خۆى کۆیەتیی نەریت (سونەت)ـى خستە بەردەم قەیران- هەتا چەمکى ڕەخنەش خۆى درووستکردنى قەیرانە بۆ کۆیەتیی باوەڕ و بیروڕا بەڵگەنەویستە پێشمۆدێرنەکان. وەرگرتن و دابڕینى بەشێک لەو کۆیە، ڕەخنە لە ڕەخنەییبوون دەخات و ئیشەکەى خۆى پووچەڵدەکاتەوە. ڕەخنەى سەردەمى مۆدێرن، پێشوەختە ڕەخنەشە لە بونیادى ڕەخنە خۆى. هەمیشە سووڕێکى ڕەنگدەرەوە و ڕوولەخۆش هەیە کە ڕەخنە خۆیشى نوێدەکاتەوە. هەتا لە بەرکەوتن بە دەق و دیاردەکانیشدا، ڕەخنە گیانێکى تر بە بەریاندا دەکاتەوە و پێگەیەکى نوێ بەو شتە ڕەخنەکراوانە دەبەخشێت. ڕەخنەى مۆدێرن، بەو مەرامەوە خۆى لە دیاردەیەک دەدات کە جووڵەیەکیش بخاتە دیاردەکە. یان دەلالەتێک لە دەقدا بتەقێنێتەوە کە زۆرجار دەقەکە خۆیشى پێى نەزانیبێت و پێشتر تووشى لاڵییەکى تەئویلى هاتبێت.
بەڵام لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، گرفتەکان گەورەن. نەک هەر ڕەخنە بەم مانایە گەشەینەکردووە، بەڵکو خوێندنەوەى ئاساییشمان کەمە یاخۆ نیە. ڕەخنە تێکڕا لە ڕۆشنبیرییەکانى تردا بە واتاى “خوێندنەوە و ئاوڕدانەوە”ش دێت. کاتێک عەقڵى ڕەخنەیی گەشەینەکردووە، بێگومان ئاکارى ڕەخنەییش گەشەناکات. ئەو دووانە، مەرج و پێشمەرجى یەکترن. بۆشاییەکى مێژوویی لاى ئێمە هەیە کە شتەکان لەسەر بنجێکى ڕوون نەڕوێن و ئەرکى خۆیان ونبکەن. تەنانەت بۆشاییە مێژووییەکە وایکردووە، بکەرێک ئیشى بکەرێکى تر بکات. هەتا بکەرێک کە کارەکەى ساکارترە بەڵام شوێنێکى گەورەتر لە خۆى داگیردەکات. لە پانتاییە کۆمەڵایەتییە گشتییەکەوە تا پانتاییەکى سنوردارترى وەک ڕۆشنبیرى، ئەم گرفتانە بەدیدەکەین. بۆ ڕوونبوونەوەى مەبەستەکەمان، دەتوانین پرسێکى وەک پرسى “ئیدیت”، بێنینەوە. پێگەى ئیدیتۆر (Editor) دیاردەیەکى سەرنجڕاکێشە لەم ڕووەوە. نەبوونى ئیدیتۆر لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، یەکسەر پێگەى ئیدیتۆر و ڕەخنەگرى تێکەڵکردووە و ئەوانەى بۆ کاروبارى “ئیدیت” دەشێن، وەک ڕەخنەگر دەردەکەون- بەڵام ئاشکرایە پێگەى ڕەخنەگر لەکۆدا گەلێک ئاڵۆزتر و قووڵترە. ئیدیت پتر کارێکى تەکنیکی و پێشدەقە، بەڵام ڕەخنەگر فیکرى و پاشدەقە؛ جۆرێک دیاردەى مێژووییە کە پێوەرە گەردوونییەکانى ڕەخنە هەڵدەگرێتەوە و هەردوو ڕەهەندى گڵۆباڵ و لۆکاڵى تیا دەدات لە یەکتر و دەرهەق بە دەق بەکاریدەهێنێت. یەک لەو پێوەرانەش، ئاکارى ڕەخنەى مرۆییە کە میراتێکى گەورەى لەپشتەوەیە. هەر سەبارەت بە پێکداچوونى پێگەى ئیدیتۆر و ڕەخنەگر، بەشێک لەو ئاکارە کۆنە کوردییە دەبینینەوە کە چۆن ناوەڕۆکێکى کۆن خۆى دەخزێنێتە بن فۆرمێکى نوێ یاخۆ بەڕواڵەت نوێ و ناوى ڕەخنەى لێ دەنرێت. زۆرجار هەر فەرهەنگۆکە زمانەوانییە خێڵەکییەکە لەمەڕ دەق دەخرێتەگەڕ، و ئاسۆى تێگەیشتن لە دەق لەو ئاسۆ خۆماڵییە دەقبەستووە تێناپەڕێت کە تەنیا ناوى وشەکانى تیا گۆڕاوە نەک ناوەڕۆک. ئیدیتۆر، کە بارێکى ئاکاریی کەمتر لە ڕەخنەگرى هەڵگرتووە، تەواو خۆى ئاکارى نیشاندەداتەوە و پێوەرى تەواو ئەخلاقیی باش/خراپ بەسەر دەقدا دەسەپێنێت. ئەم هەڵەتێگەیشتنەى بکەرێکى وەک ئیدیتۆر لە شوێنگە مێژووییەکەى خۆى، جگە لەوەى تێگەیشتنى ئێمەیە لە پرسى “دەزگا و دامەزراوە”، تێگەیشتنى بەرایی ئێمەش دەردەخات لەمەڕ دیاردەگەلى وەک پەیوەندیی دەق و مێژوو، دەق و لۆکاڵ، دەق و سیاق، دەق و کۆیەتى و هتد. کێشەى زمانیش لەو ساڵانەدا کورتکراوەتەوە بۆ پرسێکى “ئیدیتۆرى”، نەک پرسێکى فەلسەفى و ڕەخنەیی. ناواخنە تەکنیکییەکەى ئیدیت کە کڵێشەییتر و ساکارترە لە ڕەخنە، گوزارشت لە نەخەمڵینى “عەقڵ”ـى مێژوویی ئێمەش دەکات کە شتەکان «تێر-مێژوو» نین، ئەویش لەسەر کێشى ئەو قەولە خۆماڵییەى کە لە کەلتورى کۆنتر و بەئێستاشەوە ئاوەڵناوێکى وەک «تێر-عەقڵ»ـى بەکاردەهێنا. کاتێک ئەمانە دەڵێین، تانە لە شوێنى ئیدیتۆر نادەین لە دەزگادا؛ بەڵکو باسى ئەو جێگۆڕکێ کۆمەڵایەتییە ئاوەژووە دەکەین کە بکەرێک جێى بکەرێکى تر دەگرێتەوە. ئەمەش چارەنووسێکى ئەبەدى نیە، بەڵکو مێژووییە و هەر لەناو مێژووشدا گۆڕانى بەسەردا دێت.