رکابەرییەکانی خولی نایابی کوردستان بەردەوامە و یانەکانی رزگاری و هەندرێن و زاخۆ بردنەوە بەدەست دەهێنن.
بە سی یاریی هەفتەی ١٤ی خولی نایابی کوردستان دەستیپێکرد و چەند ئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراویشی بە خۆیەوە بینی.
یانەی رزگاری لە یاریگای خۆی میوانداری پێشمەرگەی هەولێری کرد، هەرچەندە یارییەکە بۆ هەردوولا قورس بوو، بەڵام ئەنجامەکە بە سودی یانەی خاوەن یاریگا کۆتایی هات بە گۆڵێکی بێبەرامبەر .
بەو بردنەوەیە رزگاری بە ٢٢خاڵ بە شێوەیەکی کاتی گەیشتە پلەی سێیەمی ریزبەندی و پێشمەرگەی هەولێریش لە پلەی دووەم مایەوە بە ٢٣خاڵ.
لە یارییەکی دیکەدا یانەی زاخۆ بووە میوانی پیشەسازی، هەرچەندە لەسەرەتاوە یانەی خاوەن یاریگا گۆڵێکی تۆمار کرد، بەڵام میوانەکەی بە سێ گۆڵ وەڵامی پیشەسازی دایەوە و ئەنجامەکەش بە سی گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بە سودی زاخۆ کۆتایی هات.
بەو دۆڕاندنە پیشەسازی دابەزییە پلەی حەوتەم بە ١٧خاڵ و زاخۆش بەشێوەیەکی کاتی گەیشتە پلەی چوارەم بە ٢١ خاڵ.
لە دوا یارییدا و لە شاری هەولێر یانەی برایەتی بووە میوانی هەندرێنی هاوشاری.
دوای یارییەکی بەهێز یانەی هەندرێن توانی بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک ئەنجامەکە بە سودی خۆی کۆتایی پێ بێنێت.
وێنە .. وشیار فۆتۆگرافەر