زووم..
چوارچێوەى هەماهەنگی شیعە کۆبوونەوە و سەرنجی کۆبوونەوەکەیان خستووەتەسەر ئامادەکاریی ئەمنیی و سەربازیی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەى هەر مەترسییەکى چاوەڕوان نەکراو.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرکردە و سەرۆکى فراکسیۆنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگیی شیعەکان، لە ئۆفیسی تایبەتی عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە کۆبوونەوە، هێشتا کۆبوونەوەکەیان تەواو نەبوو، چەند خاڵێکیان وەک دید و بڕیاری هاوبەش بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى پێگەى رۆژنامەى سەباحی نیمچە فەرمی، لەو کۆبوونەوەدا سەرنج خراوەتە سەر ئامادەکارییەکانى عێراق لەرووی ئەمنیی و سەربازیی، بۆ هەر ئەگەرێکى نەخوازراو، یاخود رووبەڕووبوونەوەى هەر مەترسییەک لەسەر عێراق دروستببێت.
سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی جەختیان لە یەکڕیزیی نیشتمانیی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەیان کردووەتەوە، کە لە ناوەوە و دەرەوە بەرۆکی عێراق دەگرێت، وەک بنەمای سەقامگیریی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ناویان بردووە.
هەر لەو کۆبوونەویەدا، ئاماژە بە تێپەڕینى ئەو یاسایانە کراوە کە راستەوخۆ پەیوەندییان بەژیانى خەڵکەوە هەیە.