زووم..
ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی بەریتانیا دەکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتەدا کۆدەبێتەوە و چەند رێککەوتنێک لە بواری ئابوری و وەبەرهێنان لەگەڵ بەریتانیا دەکات.
لە راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە، سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە. لە کارنامەی سەردانەکەیدا، سودانی کۆبوونەوەی گرنگ دەکات لەگەڵ هەریەک لە هاوتا بەریتانییەکەی و پاشای ئەو وڵاتە، شا چارڵزی سێیەم.
بەشێکی دیکەی سەردانەکە کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی بەریتانی و نوێنەری چەندین کۆمپانیا لەخۆدەگرێت.
لە گەشتەکەیدا، بڕیارە چەندین وەزیر، پەرلەمانتار، پارێزگاری بەسرە، راوێژکار و چەندین نوێنەری کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت یاوەری سودانی بکەن.
لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانیدا، بڕیارە سودانی چەندین رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی ئابووریی، وەبەرهێنان و ئاسایشدا لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا واژۆ بکات.
ئەم سەردانەی سودانی بۆ بەریتانیا لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق دەیەوێت تاکلایەنە نەوت و غازی ناوچە جێناکۆکەکان ببات.