زووم…
لە یەکەم رۆژى کرانەوەى بۆرسە و لە کرانەوەى بۆرسەى ئاسیا، نرخى نەوت بەرزبووەوە، یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت بە 81 دۆلار و 68 سەنت و نەوتی خاوى تەکساسیش بە 78 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەى پێوەکرا.
بەگوێرەى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، پاکێجى سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر کەرتى نەوت و غازى روسیا، هۆکارى سەرەکى بەرزبوونەوەى نرخى نەوتە، لەبەرئەوەى چیتر چین و هیندستان کە دوو هاوردەکارى گەورەى نەوتن، ناتوانن نەوتى روسیا بکڕن، ناچارن لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمریکاى بکڕن، ئەوەش کرێى گواستنەوەى زیاترى دەچێتەسەر و گرانتر لەسەریان دەوەستێت.
بانکى گۆڵدمان ساکس دەڵێت، بە خەمڵاندنى ئێمە ئەو کەشتییە گوێزەرەوانەى نەوتى روسیا کە خراونەتە لیستى سزاکانى ئەمریکاوە، لە ساڵى 2024دا رۆژانە یەک ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتى روسیایان گواستووەتەوە، کە دەکاتە لەسەدا 25ـی کۆى هەناردەى نەوتى روسیا، بەو هۆیەوە سزاکان کاریگەرییان لەسەر ئاستى هەناردەى نەوتى وڵاتەکە و نرخى نەوت دەبێت.