زووم..
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ، لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکایەتییەکانی کۆمار و پەرلەمان و دادوەری و سەرۆکی دادگای فیدراڵی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زوومى بەغداد، تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەى نێوان نێچیرڤان بارزانى و سودانى، چارەسەرکردنی پرسی مووچە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و درێژکردنەوەى ماوەى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەبێت.
دوێنێ ئێوارە، ئیدارەی دەوڵەت لە بەغداد بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لەبارەی دۆسیەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیشەوە، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دووپاتیکردووەتەوە، هیچ کێشەیەکی سیاسی لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، جگە لە کێشە تەکنیکییەکان کە دەکرێت بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و دوور لە گرژیی راگەیاندن، چارەسەر بکرێن.