زووم..
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
ساڵی پار 19 کچ لەلایەن باوکیانەوە کوژراون
بە گوێرەى راپۆرتێکی پلاتفۆڕمی تاوانەکانی دژ بە ژنان دەوەستێنین، لە ساڵی 2024 دا 19 کچ لەلایەن باوکیانەوە بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراون.
کوشتنى کچان لەلایەن باوکیانەوە خەریکە دەبێتە دیاردە لەکاتێکدا لە ساڵی 2023 تەنها پێنج کچ لەلایەن باوکیانەوە کوژراون.
رێکخراوەکانی ژنان هۆکاری زیادبوونی کوشتنی کچان و ژنان بۆ سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتەوە دەگەڕێننەوە.
تورکیا
لە ئیستەنبوڵ نرخی پەڕینەوە لە پردەکان گران دەبێت
لە 13ـی ئەم مانگەوە پەڕینەوەى ئۆتومبێل بەسەر پردی 15ـى تەمموز و پردی فاتیح محەمەد سوڵتان دەبێتە 47 لیرە.
پەڕینەوەى ئۆتومبێل لە پردی یەوز سوڵتان سەلیم دەبێت بە 80لیرە. هاوکات بەکارهێنانی ئۆتۆبانی ئەنادۆڵو لە ئیستەنبوڵ بۆ 269 لیرە گران دەبێت.
ئەم پردانە بەشی ئاسیا و ئەوروپای ئیستەنبوڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و رۆژانە هەزاران ئۆتومبێل ئەو پردانە بەکاردەهێنن.
یەنیچاخ
لێدوانەکانی شاندی ئیمراڵی کاردانەوەى لێکەوتەوە
لەپاش سەردانیان بۆ لای فیگەن یوکسەکداخ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لێدوانەکەى شاندی ئیمراڵی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان کاردانەوەى لێکەوتەوە.
سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندەکە رایگەیاند، لەماوەى 10 ساڵی رابردوودا دەرفەتی ئاشتیمان لەدەستدا و کەسانێکی زۆر گیانیان لەدەستدا بەهۆی شەڕەوە.
گوتیشی، شەهیدەکان و قارەمانە بریندارەکان مایەی سەربەرزیی هەموو وڵاتەکەمانە و ئێمە لەبەرامبەر ئەواندا بەرپرسیارێتی گەورەمان هەیە.
ئەم گوتانەى ئۆندەر لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان کاردانەوەى لێکەوتەوە و کەسوکاری سەربازە کوژراوەکان دەپرسین ئایا ئەو گوتانەى ئۆندەر بۆ سەربازە تورکەکان بووە یاخود مەبەستی لە پەکەکە بووە.

یەنی ئاکیت
هەناردەى بەروبوومی کشتوکاڵ ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە
بەگوێرەى ئامارەکانی حکومەتى تورکیا لە ساڵی 2024 دا تورکیا بە قەبارەى 36.2 ملیار دۆلار هەناردەى بەروبوومی کشتوکاڵی بۆ وڵاتانی دەرەوە هەبووە بەمەش ژمارەی پێوانەیی بە بەراورد بە ساڵانی دیکە تۆمارکردووە.
لەو وڵاتانەی بەروبومی کشتوکاڵی تورکیا بۆ هەناردە کراوە عیراق، وڵاتانی ئەوروپا، رووسیا و وڵاتانی ئاسیا بووە.
رۆژنامە فارسییەکان
کار و کارگەر
بەغداد گرنگترین رێگای هەناسەدانی ئابووریی ئێرانە
عێراق گرنگترین بۆریی هەناسەدانی ئێرانە لە سەردەمی گەمارۆکان و “زۆرترین فشار”ی ئەمریکادا.
فرود عەسگەری بەرپرسی گومرگی ئێران، رایگەیاند، عێراق وەک گەورەترین بازاڕی هەناردەکردنی ئێران لە ناوچەکەدا، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ئابووریی تاراندا.
به گوێرەی راپۆرتەکان، له ساڵی 2024دا هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ عێراق گەیشته نزیکەی 10 ملیار دۆلار.
ئێران و عێراق ئامانجی بازرگانی ساڵانە بە بڕی 20 ملیار دۆلار پەیڕەو دەکەن.
زیاتر 2200 جۆر کاڵای ئێرانی هەناردەی عێراق دەکرێت و پەرەپێدانی ژێرخانی بازرگانی و راکێشانی وەبەرهێنان لە پێشینەی کارەکانی هەردوو وڵاتن.
کەیهان
خولی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی بەڕێوەدەچێت
جنێڤ ئەمڕۆ و سبەی میوانداریی سێهەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپی دەکات، کە ئەندامی رێکەوتنی ئەتۆمین “بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا” و نوێنەری یەکێتیی ئەورووپان.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر پرسەکانی ناوچەکە، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و هەڵگرتنی سزاکان دەبێت.
جەختیشی کردەوە، کە ئەو کۆبوونەوانە گفتوگۆن و دانوستان نین و ئامانجیشیان لێکۆڵینەوە لە نیگەرانی و داخوازییە هاوبەشەکانە لە بوارە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکاندا بەڵام پرسی ئەتۆمی وەک تەوەرەی سەرەکی تاوتوێ دەکرێت.
ئارمانی میللی
گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ ئەوروپا دەستپێدەکاتەوە
بەم زووانە گەشتە ئاسمانییه راستەوخۆکان لە ئێرانەوە بۆ پاریس دەستپێدەکاتەوە
دوای ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای ئێران ئایر لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی بەهۆی سزاکانەوە راگیرا، ئەمجارە کۆمپانیایەکی دیکە بەناوی “ئێران ئایر تور” ئەم گەشتانە دەستپێدەکاتەوە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە دەڵێت، کە مۆڵەتی لە یەکێتی ئەوروپای وەرگرتووە.
گەشتەکان بۆ پاریس رۆژانی دووشەممە و هەینی بە فڕۆکەیەکی جۆری “ئەیرباس” ئەنجام دەدرێن، کە توانای هەڵگرتنی 250 سەرنشینی هەیە.
هەروەها گەشتەکانی ئەڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا تا لە خشتەی گەشتەکانی دوو مانگی دیکە زیاد دەکرێن.
ئەبرار
19 ساڵە کارگەی بەرهەمهێنەرێکی خەڵکی ورمێ بۆ واژۆیەک وەستاوە
ماوەی 19 ساڵە بەرهەمهێنەرێکی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای واژۆیەکی رەزامەندی دەگەڕێت بۆ کردنەوەی کارگەی چەسپی پیشەسازی.
ئەو هاووڵاتییه 19 ساڵ لەمەوبەر ئەم کارگەیەی دامەزراندووە بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ئاو و غاز بۆ یەکەکەی بەدەستبهێنێت.
ئەم پڕۆژەیە بەهۆی دژایەتییەکانی شاری پیشەسازیی ورمێ دواکەوتووە.
لە حاڵێکدا کە دەسەڵاتداران بەردەوام بانگەشەی ئاسانکاری لە بەرهەمهێناندا دەکەن بەڵام کێشە ئیداری و کاغەزکارییەکان بەردەوامن و رێگری لە پێشکەوتنی بەرهەمهێنەران دەکەن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
گرینلاند ناوچەیەکی سارد و دڵگیرە، بەڵام ترەمپ خەڵکەکەیی تووڕە کردووە
گرینلاند دورگەیەکە، ژمارەی دانیشتوانەکەی دەگات بە 750 هەزار کەس. خەڵکێکی بەهێزن، بەڵام لەوکاتەوە کە ترەمپ گوتویەتی دورگەکەی ئەوان دەکڕێتەوە، ئەم خەڵکە تووڕە بوون، کێشەیەکی سیاسیی جیۆپۆلەتیکی یەخەی پێگرتوون.
دانیشتوانی نووکی پایتەختی ئەو دورگەیە بە رۆژنامەی فاینەنشیەڵ تایمزیان گوتووە، رێگە نادەن سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا خەونەکانی خۆی لە دورگەکەی ئەواندا بهێنێتەدی. خەڵکی ئەو دوورگەیە بەو لێدوانە شەڕەنگێزانەی ترەمپ حەپەساون. کوپیک کلێست سەرۆکوەزیرانی پێشووی دورگەکە لە وەڵامی ترەمپدا دەڵێت، مەسەلەکە هەر ئەوەندە نییە، کە بچیت دوورگەیەک، وڵاتێک یان خەڵکەکەی بکڕیت.
گاردیەن
هەر لە خوێندنگەکانەوە تا هەڵکۆڵینەکانی شوێنەوارناسی، ژیریی دەستکرد بە فراوانی دەچێتە ناو کۆمەڵگەوە
ئەگەرچی هێشتا مەترسی لە بەرفراوانبوونی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد هەیە، بەڵام ستامەر دەیەوێت وەبەرهێنانی باشی تێدابکات، ژیریی دەستکرد بگات بە هەموو شوێنێک. لەمەودوا ژیریی دەستکرد لە کایەیەکی زۆر بەرفراواندا بەکاردێت، هەر لە گەڕان بەدوای ئەو شوێنانەدا، کە پاشماوەی شوێنەوارییان تێدایە، هەتا فراوانبونەوەی کایەی وانەگوتنەوەی مامۆستایان بۆ فراوانترین توێژی خوێندکاران.
مەبەستەکە ئەوەیە ئەم ژیرییە نوێیە ببرێتە ناو هەموو کایەکانەوە. بۆیە ستامەر پلانێکی گشتگیری هەیە و رایدەگەینێت و دەیەوێت لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە توانای کۆمپیوتەرە بەکارهێنراوەکانی ناو کەرتی گشتی بۆ پێنج هێندەی تواناکانی ئێستایان زیادبکات و بەرەوپێشەوەیان ببات.
دەیلی تەلەگراف
دەتوانین لە مرۆڤی سەردەمی ژیانی ئەشکەوتەکانەوە فێری چۆنیەتیی نوستنی باش ببین
دەکرێت ئەو پێشینانەی مرۆڤ، کە لە ئەشکەوتدا دەژیان لەبارەی خەوتنی تەندروستەوە شتمان فێربکەن. لەوانەوە تێدەگەین سوودی گۆشتخواردن و بەپێ رۆشتنی رۆژانە چین.
ئەو مرۆڤانەی کە لە سەردەمی ئەشکەوتدا ژیاون زۆر خووی تەندروستیان هەبووە، لەوەش زیاتر بووە کە ئێمە ئێستا بیریان لێدەکەینەوە. ئەوان توانییان ئاگر بدۆزنەوە، رەوڕەوەیان دروستکرد، کۆمەڵێک خووی زۆر باشیان بۆ نوستن هەبووە.
مێرین ڤان دوولار کتێبێکی لەبارەی نوستنی تەندروستەوە نوسیوە، ناوی کتێبەکەی بریتییە لەوەی (چۆن دەتوانیت وەک مرۆڤێکی سەردەمی ئەشکەوت بنوویت؟) مێرین بۆ نوسینی ئەم کتێبەی سەیری خووی نوستنی ناو مێژووی 230 تا 300 هەزار ساڵی مرۆڤی کردووە، شێوازی نوستنی راوچییەکانی ناوچەی تەنزانیا و بۆلیڤیا و نامیبیای وەرگرتووە و لێیکۆڵیونەتەوە، پاشان لە ئەزموونی ئەوانەوە باسی خەوتنی تەندروستمان بۆ دەکات. دەڵێت پێشینان کە توانیویانە باش بنوون ئەو خواردنانەیان خواردووە، کە لە پرۆتیندا دەوڵەمەندبوون و ئاستی کاربۆهیدراتیان کەم بووە.

ئۆرشەلیم پۆست
شاندەکە لە دۆحە دەمێنێتەوە بۆئەوەی گفتوگۆکان درێژەیان هەبێت
زۆر بابەت ماون گفتوگۆی لەسەربکەن. بڕیارە شاندێکی ئەمریکیش بگاتە قەتەر و چاویان بە سەرۆکوەزیرانی ئەوێ بکەوێت.
لەپاش ئەوەی دیدار و گفتوگۆکانی یەکەم رۆژیان لە دۆحە ئەنجامدا، بڕیارە شاندەکەی ئیسرائیل لە قەتەر بمێننەوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم مەسەلەیە بە ئۆرشەلیم پۆستی گوتووە ئەمە مانای وایە شتیان ماوە گفتوگۆی لەسەربکەن. هەندێک بەرپرسی ئەمریکیش کەوتونەتە جوڵە، دەیانەوێت بگەن بە قەتەر و بتوانن پێش ئەوەی سەرۆک جۆ بایدن پۆستەکەی بەجێبهێڵێت لەبارەی بارمتەکان و ئاگربەستەوە بگەن بە رێکەوتنێک. نێردەکەی ئیسرائیل لە دۆحە بەرپرسانی قەتەری و ئەمریکییان بینیوە.
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
کۆبوونەوەی ریاز داوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا دەکات
فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە کۆبوونەوەی فراوانی لیژنەی پەیوەندیی وەزاری عەرەبی سەبارەت بە سوریا رایگەیاند، پێویستە سزاکانی سەر سوریا هەڵبگیرێت بە ئامانجی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە، جەختی لەوەش کردەوە بەردەوامبوونی سزا تاک لایەنەکان دەبێتە هۆی رێگری لە خواستەکانی گەلی سوریا و رێگرییەکان لە سەقامگیری و گەشەپێدان.
هاوکات باس لە یەکپارچەیی خاکی سوریا کرایەوە و و داواش کرا دەستتێوەردانی دەرەکی و کاریگەرییە دەرەکییەکان لەو وڵاتە دووربخرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە ئەوەشی گوت، کۆبوونەوەکە به مەبەستی هەماهەنگی هەوڵەکانە بۆ پاڵپشتیکردنی سوریا و هەوڵدان بۆ هەڵگرتنی سزاکانە. داواشی لەلایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد، سزاکان هەڵبگرن و دەست بە دابینکردنی خێرای گشت پاڵپشتییە ئابووری و مرۆییەکان بۆ سوریای نوێ بکرێت و ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سورییەکان دابین بکرێت.

عەرەبی جەدید
گەشبینی و هیواکان بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر دەبێت
بەگوێرەی ئەو هەوڵانەی ئیدارەی بایدن دەیدات، وا پێدەچێت رێککەوتنی حەماس و ئیسرائیل پێش واژووکردنی سەرۆکایەتیەکەی ترەمپ بێتەدی و ئەمەش هەوڵەکانی ئیدارەی بایدن و بنیامین ناتانیۆهۆیە بۆ ئازادکردنی بارمەتەکانی ئیسرائیل.
هەردوێنێش جەیک سولیڤان پشتڕاستی کردەوە پەیوەندیەکانی بایدن و ناتەنیاهۆ بۆ کۆتاییهێنانی ئەم جەنگە بەردەوامە، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس، کە دوێنێ لە دەوحە بەڕێوەچووە.
هاوکات ناتانیاهۆ لەگەڵ وەزیرە توندڕەوەکان بێزالیل سمۆتریچ و ئیتامار بن گڤیر کۆبووەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی باوەڕیان پێبێنێت رێککەوتن ئەنجام بدەن و رێگری لە داڕمانی حکومەت بکەن.
سولیڤان گوتوشیەتی، کە چاوەڕوان دەکرێت بەم نزیکانە پەیوەندی نێوان بایدن و نەتانیاهۆ سەبارەت بە رێککەوتنەکە ئەنجام بدرێت، لە بەیاننامەیەکدا بۆ سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری زۆرە پێش ئەوەی ترەمپ لە 20ـی مانگی یەکەوە وەک سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکاربێت، بگەینە رێککەوتن.

رۆژنامەی سەباح
کارەبای عێراق: بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ 15 ھەزار مێگاوات کەمبووەتەوە
هەفتەی رابردوو تێکڕای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق گەیشتووەتە 15 هەزار مێگاوات، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگوێرەی رێژەی سووتەمەنی بەردەست و غازی هاوردەکراو بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردادێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی موسا، هاوینی رابردوو وەزارەتی کارەبا توانیوییەتی نزیکەی 27 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی کێشە لە هەندێک وێستگەی کارەبا و نەگەیشتنی غازی پێویست بۆ بەرهەمهێنان، لەم ماوەیەی رابردوودا رێژەی بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە.

رۆژنامەی مەدا
کۆمپانیا بەریتانی و فەرەنسییەکان رکابەری چین دەکەن لە پڕۆژەکانی وزە لە عێراق
رۆژنامەی مەدا راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئۆیڵ پرایسی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە، لەم دواییە دوو کۆمپانیای بیانیی جیهانیی لەپاڵ کۆمپانیا چینییەکان کاریان لە گەشەپێدانی کێڵگە نەوتی و غازییەکانی عێراقدا کردووە، کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم کار لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک دەکات و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تۆتالی فەرەنسی کراوە کار لە پڕۆژەی وەبەرهێنانی غاز لە کێڵگەی ئەرتاوی بکات لە بەسڕە.