زووم..
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی مادەی 140، دەبێت پرۆسەی ریفڕاندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و بەغداد پابەند کراوە پێش کۆتایی ساڵی 2007 ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کاتژمێر 12ـی شەوی رابردوو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەو و تێیدا هاتووە، حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایانە، نەوت و غازی ناوچە جێناکۆکەکان ببات.
ئەوەش هاتووە، بەپێی دەستووری عێراق، مافی رەها و تاکلایانە بە هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات.
دەشڵێت، بە گوێرەی دەستور دەبێت هەردوولا کێڵگەی نەوت و غازە کۆنەکان بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکوک و لە ناوچەکانی دەوروبەری هەن.
حکومەتی هەرێمی ئاماژەی بەوەش کردوە، هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگانە.
لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم ئەوەش هاتووە، ئێستا بەغداد هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات، بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور لەبەرچاو بگرێت، هەر بۆیە هەرێم بە مافی دەستووريی خۆی دەزانێت، بە هەموو ڕێکارە جیاوازەکان، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات.