زووم..
وەزیری ناوخۆی عێراق دەڵێت، پێشتر بەهۆی بوونى چەندین کارگەى دروستکردنى مادەى هۆشبەر و حەبی کەبتاگۆنەوە لە سوریا، دزەی پێدەکرایە ناو عێراقەوە، بەڵام دوای توندوتۆڵکردنى سنوورەکانمان و داخستیان، ئەو دیارەدەیە وەستاوە.
عەبدولئەمیر شەمەری لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیەى سعودی دەڵێت، بە درێژایی سنوورەکانی نێوان عێراق و سوریا بە دیوار دەگرین و رێگە نادەین هاتووچۆ و کاری قاچاغ و نایاسایی لەو سنوورانە ئەنجامبدرێت.
شەمەری ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، هێشتا هەندێک گرووپی چەکدار و تۆمەتبار بە کاری تیرۆر، لەناو خاکى سوریا هەن، چالاکی و ئۆپراسیۆن ئەنجامدەدەن، بۆیە ئەگەری هەیە هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە و عێراقیش دروستبکەن.
لەدرێژەى ئەو چاوپێکەوتنەیدا، وەزیری ناوخۆی عێراق باس لەوەش دەکات، دوای گۆڕانکارییەکانى سوریا، عێراق سەرکەوتوو بوو لە توندوتۆڵکردنى ناوچە سنوورییەکانى لەگەڵ سوریا، بەڵام هێشتا بۆشاییەک لە باشووری ناوچە سنوورییەکان ماونەتەوە کە هێزەکانى سوریاشی لێ نیین و وەک بۆشایی ئەمنی ماونەتەوە، بۆیە دەبێت بە درێژایی سنوورەکانی نێوانمان کۆنکرێت و دیواربەندبکرێن.