زووم..
سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق بە زوومی رایگەیاند، تەیف سامی مەرجی بۆ ناردنی مووچەی مانگی یەک هەیە و قسەی کۆتایشی لەبارەی مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمەوە کردووە.
ئەو مەرجانەی تەیف سامی باسی کردووە یەکەمیان رادەستکردنی داهاتی ناوخۆیە و ئەوی دیکەش ئەگەر تەنها محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی پێبکات پارەی مووچە دەنێرێت.
سەرچاوەکەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق گوتویەتى، “ساڵی رابردوو نزیکەى 11 ترلیۆن دینارمان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان تەنها 320 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی ناردووەتە وەزارەتەکەى، کە دەبوو جگە لە نەوت، زیاتر لە 400 ملیار دینار بنێرن.”
بەگوێرەى سەرچاوەکە، وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەش کردووە، “ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەو داهاتەمان بۆ نەنێرێت، لە عێراق کورتهێنان دروست دەبێت.”
لەبارەی مووجەی مانگی 12ـەشەوە تەیف سامی گوتوویەتی: یەک دیناری دیکى نانێرنە سەر ئەژمارى وەزارەتى دارایی هەرێمی کوردستان و مووچەی مناگی 12شم بە تەواوی ناردووە و دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی بیدات.
ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ تەیف سامی بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ ساڵی 2025 هیچ کێشەی نییە و دڵنیایی لەبارەی مووچەوە داوە.