رۆژنامە عەرەبییەکان

سەباح
ئەمڕۆ دەبێتە یەکەم هەنگاو بۆ بەرزکردنەوەى ساڵانى خانەنشینی
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، لەسەر بەرزکردنەوەى ساڵانى خانەنشینى کۆبوونەوە گرێدەدات، بەگوێرەى ئەو پرۆژە یاسا نوێیەى ئەمڕۆ پەرلەمان لەسەری کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەى یەکەمى لەبارەوە ئەنجامدەدات، ئەوەش بە رازیبوونى حکومەتى عێراق کە لایەنی جێبەجێکردنى بڕیارەکانە.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی بە رۆژنامەى سەباحی گوتوە، لیژنەکەیان پیشنیارێکى خستووەتە بەردەست بۆ بەرزکردنەوەى ساڵانى خانەنشینى بۆ 63 ساڵ، بەڵام ئەو پرۆژە یاسایە رەزامەندیی حکومەتى ویستووە و پەرلەمان نەیدەتوانى بەبێ رەزامەندیی حکومەت خوێندندنەوە و دانیشتى لەسەر ئەنجامبدات، چونکە رەهەندێکی دارایی و پارەدارکردنى پێویستە.
شەرقلئەوسەت
سەرەتای دەستبەکاربوونى عەون .. چالاکی ناوخۆیی و کرانەوە بەرووی وڵاتانى عەرەبی
سەرەتای دەستبەکاربوونى جۆزێف عەون، سەرۆکى نوێی هەڵبژێردراوی لوبنان، بە چالاکی و کرانەوەی ناوخۆیی و دەرەکى دەستیپێکرد و خۆی ناساند.
دوێنێ عەون رایگەیاند، سعودییە دەبێتە یەکەمین وێستەگەى سەردانە دەرەکییەکەی، دوای ئەوەى لەسەر داوای محەمەد بن سەلمان، شازادەى جێنشین بە فەرمی بانگهێشتى جۆزێف عەونی کردبوو.
هاوکات لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید، میری ئیمارات، بە تەلەفۆن گفتۆگۆی ئەنجامدا و رێوشوینى کردنەوەى باڵیۆزخانەى ئەو وڵاتەى لە بەیروت تاوتوێکرد.

قودسی عەرەبی
ئاڵنگارییەکانى داهاتووی سوریا کۆکردنەوەى چەکدارەکانە لەژێرچەتری سوپادا
مانگێک بەسەر سەرکەوتنی شۆرشی سوریا بەسەر رژێمەکەى بەشار ئەسەد تێپەڕی و دڵخۆشی و شادی بۆ گێڕدرا، زوو بەزوو دەستکرا بە نوێکردنەوەى ئەو چوارچێوە و سیستمەى رژێمی گەندەڵکار و سەرکوتکاری سوریا حوکمى ئەو وڵاتەى دەکرد.
بەڵام ئێستا سوریا لە بەردەم ئاڵنگارییەکى گەورەدایە، ئەویش کۆکردنەوەى سەربازان و چەکدارانە لەژێر چەتری سوپایەکى نیشتمانى، ئەمەش بووەتە کارە قورسەکە بۆ ئێستای ئەحەمەد شەرع، فەرماندەى ئیدارەى نوێی سوریا.
عەرەب
بەر لە ساڵیادی کانوونی دووەمى 2011 سیسی هۆشداری دەداتە میسرییەکان لە هەر ناڕەزاییەک
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکى میسر، بەر لە ساڵیادی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى کانوونى دووەمى ساڵی 2011، دوبارە هۆشداریی دەداتەوە میسرییەکان لە ئەنجامدانى هەر خۆپیشان و ناڕەزاییەک.
سیسی بە هاووڵاتیانى وڵاتەکەى دەڵێت، سەرلەنوێ رێکخستنەوە و بونیادنانەوەى میسر دوای گۆڕانکارییەکانى ساڵی 2011، ئاسان نەبوو، میسر بە شۆڕشەکانى 25ـی کانوونى یەکەم و 30ـی حوزەیرانى ساڵی 2011 دا تێپەڕی تاکو برینەکان ساڕێژبوو زۆری ویست.
سیسی لەمیانەى سەردانى ئەکادیمای سەربازیی وڵاتەکەى، گوتى 10 ساڵی تەواوی ویست تاکو تواناکانى خۆی رێکبخاتەوە و دووبارە بخرێتەوە سەرپێی خۆی.
رۆژنامە فارسییەکان

خوب
حزبەکان زۆرن بەڵام ناتوانن هیچ بکەن
غوڵامحسێن کەرباسچی، کەسایەتی ناسراوی ریفۆرمخواز رەخنەی لە پێکهاتە و یاساکانی ئێران سەبارەت بە حزبەکان گرت و گوتی، ژمارەیەکی زۆر لە حیزبەکان لە ئێران بە هۆی پێکهاتەی یاساییەوە بێکاریگەرن و خەڵک بە جددی وەریان ناگرن.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە حکومەت رۆڵێکی جدی بە حزبەکان نادات و ناتوانن دەنگی بەربڵاو لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا رابکێشن.
کەرباسچی هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، چاکسازی لە یاسای حزبەکان دەتوانێت پێگەی حزبەکان بەرزبکاتەوە و بەرپرسیارێتی و شێوازی کارەکانیان روونبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سیستمی حزبیدا بەرپرسیارێتی کێشەکان لە ئەستۆی لایەنی هەڵبژێردراودایە نەک تەواوی حکومەت.

مەردوم سالاری
هەموو مامۆستایانی قوتابخانە ئەهلییەکان دەبێت “بیمە”یان هەبێت
سەرۆکی رێکخراوی قوتابخانە ناحکومییەکانی ئێران رایگەیاند،نزیکەی 210 هەزار مامۆستا لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەوام دەکەن و پێویستە بیمە بیانگرێتەوە.
ئەحمەد مەحمودزادە بە ئاماژەدان بە کەمکردنەوەی دەوامی مامۆستایان لە 44 کاتژمێرەوە بۆ 30 کاتژمێر، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بیمە هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە جێبەجێ بکرێت.
ناوبراو هەروەها زیادکردنی کرێی خوێندنی راگەیاند بۆ ئەوەی بەشێکی تێچووی بیمەی مامۆستایان قەرەبوو بکاتەوە.
هەروەها بۆ ئەو قوتابخانانەی کە توانای داراییان کەمترە، حکومەت هاوکارییان دەکات.

ئەبرار
بەهۆی کێشەی تەکنیکیی گەشتەکانی عومرە پەکی کەوتووە
عەلیرەزا بەیات، سەرۆکی رێکخراوی حەج و زیارەت لە ئێران، رایگەیاند، کێشه بۆ گەشتەکانی عومرە پێشهاتووە و دەڵێت، دۆخەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا خراپتریش دەبێت.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە، کە سەرەڕای ئەو رێوشوێنانەی کە گیراونەتەبەر، رەنگە هێشتا لە یەک یان دوو فڕۆکەدا تووشی کەموکوڕی تەکنیکی ببینەوە.
بەیات هۆکاری دواکەوتنەکانی گەشتەکانی بۆ سزا و سنووردارکردنەکانی ئێستا گەڕاندەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتوو هەوڵ دەدەن دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە و بەڵێنیدا لە رێگەی دانوستاندن و پلانی جۆراوجۆر، کێشەکان بە تەواوی چارەسەر دەکەن بۆ ئەوەی شەرمەزاری حاجیان نەبن.
ئارمانی ئێمروز
هۆشداری بۆ نەوەیەکی نوێ لە ئێران کە نە باوەڕیان بە خوێندن هەیە نە بە کار
پۆلێنکردنی نەوەکان لە ئێران بە پشتبەستن بە ساڵی لە دایک بوون شتێکی باوە و ئەم پێوەرە بۆ شیکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی هەر نەوەیەک کەڵک وەردەگیرێت. .
نەوەکان تووشی کێشه و پێشهاتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان بوونەتەوە، ئەمەش بەگوێری بارودۆخی تایبەتی هەر گروپێکی تەمەنی لە ژیانیاندایە.
نەوە نوێیەکان جیهانێکی پڕ لە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت ئەزموون دەکەن. هاوکات دیاردەی گرووپی “NEET” ئاماژەیە بۆ کەسانێک کە نە کار دەکەن و نە دەخوێنن و ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم گرووپە لە ئێران هەر دێت و زیاتر دەبن.
زۆرێک لە گەنجان بەهۆی چاوەڕوانییە کۆمەڵایەتییە ساختەکان و کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام بێزار و بێ پاڵنەر بوون.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئەردۆغان 21 ساڵ پێش ئێستا سەردانی بازاڕی کردووە
رەجەب تەیب ئەردۆغان دواجار کە سەردانی بازاڕی کرد ساڵی 2004 بوو. ئەوکات بە 26 لیرە عەلاگەکەى پڕ کرد. لەمڕۆدا ئەو عەلاگەیە بە 40 هێندە پڕ دەبێت.
ئەوکات کیلۆیەک شیلک سێ لیرە بوو لەمڕۆدا 75 لیرەیە. تەماتە و خەیار نیو لیرە بوو لەمڕۆدا 160 لیرەیە. پیاز کیلۆی نیو لیرە بوو ئەمڕۆ 44 لیرەیە.
چیتر نرخەکان وەک خۆی نییە و ئەردۆغانیش سەردانی بازاڕ ناکات.
قەرار
ئیی پارتی: دەنگ بە گۆڕینی یاسایەک لە بەرژەوەندی ئۆجالان نادەین
موسەفات دەرویشئۆغڵو سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی رایگەیاند، پارتەکەیان تادوارادە دژایەتی هەر یاسایەک دەکات ئەگەر لەبەرژەوەندی گۆڕیینی دۆخی زیندانی ئۆجالان بێت. گوتیشی، دەنگ بە گۆڕینی یاسایەک لە بەرژەوەندی ئۆجالان نادەین.

یەنیچاغ
17 دۆسیە بۆ لێسەندنەوەى پارێزبەندی لە 14 پەڕلەمانتار رەوانەى سەرۆکایەتی پەڕلەمان کرا
17 دۆسیە بۆ لێسەندنەوەى پارێزبەندی لە 14 پەڕلەمانتار رەوانەى سەرۆکایەتی پەڕلەمان کرا.
لەو پەرلەمانتارانەی دۆسیەى یاساییان لەسەر کراوەتەوە هەریەک لە ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکی گشتیی جەهەپە، موسەفات دەرویشئۆغڵو سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، تولاى حاتیمئۆغوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی و چەند پەڕلەمانتارێکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی تیایە.
یەنی شەفەق
ئێران 1500 درۆن بە پەکەکە دەدات
ئێران بۆ مانەوەى هەژموونی خۆی لە سوریا بەڵێنی پێدانی 1500 درۆنی بە پەکەکە-یەپەگە داوە.
پەکەکە بەنیازە بەشێک لەو درۆنانە بۆ خستنەخوارەوەى درۆنی تورکی و لێدانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لەنێو خاکی سوریا بەکاربهێنێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان رێککەوتنى پێدانی درۆنەکان لەنێو خاکی عێراقدا بووە و پەکەکە پێشتر داوای 2000 کردووە. بەڵام ئێران رازی بووە بە پێدانی 1500 درۆن.
بەگوێرەى رێککەوتنەکانیان، دەبوو لە تەلەعفەر درۆنەکان رادەستی پەکەکە بکرێت بەهۆی چاودێری چڕی تورکیا و ئەگەری لێدانی پەکەکە بە درۆن لەناوچەکە، تائێستا درۆنەکان رادەستی پەکەکە نەکراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تایمز
فشار لەسەر ستامەر دروستبووە وەزیرێک دووربخاتەوە
سەرۆکی ئێستای بەنگلادیش دەڵێت، سەرۆکی پێشووی حکومەتی وڵاتەکەی خۆی، هەندێک موڵک و پارەیەکی زۆری داوە بە تولیپ سەدیقی وەزیری کاروباری دژە گەندەڵیی بەریتانیا و خێزانەکەی، ئەوانیش ئەو پارانەیان خراپ بەکارهێناوە.
ئێستا داوا دەکرێت تولیپ لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، محەمەد یونس گوتویەتی، ئەو موڵکانەی باسیان دەکات لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیان، تولیپ بەکاریهێناون. بۆیە ئەگەر ئەو کارە وەک گەندەڵییەکی ئاشکرا ساغ ببێتەوە بەسەریدا، ئەوا دەبێت لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
محەمەد یونسی سەرۆکی ئیدارە نوێیەکەی بەنگلادیش، کە خەڵاتی نۆبڵیشی هەیە داوایکردووە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو موڵک و داراییەکانی تولیپ بکرێت.
ئیندیپێندەنت
سەرکۆنەی هەوڵەکانی ریڤز دەکرێت؛ کە دەیەوێت سەودا لەگەڵ چیندا بکات
هەوڵەکانی رەیچڵ ریڤز وەزیری دارایی بەریتانیا بۆ پەنابردن بۆ ئابووریی چین سەرکۆنەکران.
دەگوترێت، ئەو ژنە بەو سەردانەی هەندێک پەیام و پەیڕەوی خۆی و کارەکەیی پێشێلکردووە،ئەم چوونەی ناوبراو بۆ پەکین لە هەڵەیەکی تری هاوشێوە دەچێت، کە لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابوردوودا لەگەڵ ئەڵمانیادا کراوە. کەچی خۆی دەڵێت، کارێکی باشی کردووە، چونکە بایی 600 ملیۆن پاوەند گرێبەستی ئەنجامداوە و دەروازەی لەبەردەم مامەڵيکردنێکی بازرگانیدا کردۆتەوە.
لەئەم هۆشداری بە رەیڤز و پارتی کرێکارانیش دراوە، کە هەوڵێکی نائومێدکەرانەیان داوە، دەیانەوێت بە مامەڵەکردن لەگەڵ چین ئابوریی وڵاتەکەی خۆیان رزگاربکەن. سێر ئایان دونکان سمیس سەرکردەی پێشووی پارتی پارێزگاران رەخنەی توندی لەم هەوڵەی ریڤز هەیە.
هیراڵد
رەخنە لە خوێندنگەکانی سکۆتلەندە دەگیردرێت دەڵێن بەردەوام خوێندکارەکانیان دەچەوسێننەوە
دەگوترێت باشترین رێگە بۆ چارەسەری ئەو سەرکوتەی لەسەر خوێندکارانی سکۆتلەندە هەیە، ئەوەیەی بگەڕێنەوە سەر حیکمەت و سەلیقەی مامۆستایان.
لینزی پاترسن پرۆفیسۆری باڵای زانکۆی ئەدنبرە، کە یەکێکە لە دیارترین پسپۆرەکانی کایەی پەروەردە دەڵێت، ئەوەی لە سکۆتلەندە روودەدات زۆر خراپە.
ناوبراو گوتویەتی، بۆئەوەی لە ئاستی پەروەردەی سکۆتلەندە تێبگەین پێویستە چاو بە مێژوودا بخشێنینەوە، چونکە جاران دەگوترا سکۆتلەندە مەزنترین سیستمی پەروەردەی هەیە لە جیهاندا. ئێستە ئەو پرۆفیسۆرە دەیەوێت ئەو مێژووە کۆنە یادی بەرپرسانی پەروەردەی ئەوێ بخاتەوە. چونکە پێیوایە سیستمە پەروەردەییەکەی ئێستای سکۆتییەکان بەپێی خواستی سەردەمەکە بەڕێووەناچێت.

وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
گەشەی بازاڕی کار لەسەرووی چاوەڕوانییەکانەوەیە
بازاڕی کار لە ئەمریکا شوێنپێی خۆیی دۆزیەوەتەوە و دەتوانێت هەنگاوی باشتر بنێت بەرەو گەشەکردن. بوژانەوەیەک لە رەخسانی هەلی کاردا روویداوە، بەڵام هێشتا رەوشی بازاڕی دارایی باش نییە.
لە مانگی کانوونی یەکەمدا 256 هەزار هەلی کاری نوێ لەناو کایەی ئابوریی ئەمریکادا راگەیەندرا، وەزارەتی کار دەڵێت، بەم هەنگاوە رێژەی بێکاری دابەزیوە بۆ لێواری 4.1٪.